Skip to the content

لە ڕەمەزاندا چاودێریی بازاڕ و نرخ لە هەڵەبجە چڕتر دەکرێتەوە

لیژنەکانی قائیمقامییەتی هەڵەبجە، ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ بازاڕەکان دەکەن؛ دەست بەسەر خۆراکی ماوەبەسەرچوو و کوالێتیی خراپدا دەگرن.

دڵنیا فارووق، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەت بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکوو لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەت بەردەوام لە دەرچوونداین؛ ڕۆژانە چەند جارێک سەردانی بازاڕ دەکەین، بەتایبەتی لە مانگی ڕەمەزاندا سەردانەکانمان چڕتر دەکەینەوە. زیاتر سەرنج دەخەینە سەر نرخ، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەم مانگەدا سوودمەند بن لەو خۆراک و پێداویستییانەی کە لە بازاڕدا هەن".

لیژنەکانی قائیمقامییەتی پارێزگای هەڵەبجە، لە ساڵی ٢٠٢٣، سەردانی ٢ هەزار و ١٠٨ شوێنیان کردووە، ٢ هەزار و ١٩ ئاگادارکردنەوەیان بە شوێنکاران داوە، ٨٨ شوێن بە پێبژاردن سزا دراون، ٢٣ شوێنیش داخراون.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤، سەردانی نزیکەی ٢٠٥ شوێن کراوە، ٣٦ ئاگاداری دراوە بە شوێنکار و ١٢ شوێن بە پێبژاردن سزادراون، ٣ تۆن و نیو خۆراکی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە.

دالیا فارووق، هاووڵاتییەکە و لەمبارەیەوە دەڵێت: "هۆشیاریی تاکەکانی کۆمەڵگە پێویستە بۆ یارمەتیدانی لیژنەکان و ئاگادارکردنەوەیان لە هەر دۆخێک، پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییانیش دەکەوێتە ئەستۆی هەموو کۆمەڵگە نەک تەنها لیژنەکان".

لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتەکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بازاڕەکان بەسەر دەکەنەوە؛ لە مانگی ڕەمەزانیشدا کارەکانییان چڕتر دەکەنەوە؛ بە شەو و ڕۆژ بەردەوامی بە کارەکانیان دەدەن، لەپێناو پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری