ناوچەی گەشتیاریی سەرێ گری لە ئاکرێ فراوان دەکرێت
ناوچەی گەشتیاریی سەرێ گری لە ئاکرێ کە جێگەی گەشتیاری و ئاهەنگی نەورۆزە، فراوان دەکرێت.
دلاوەر بوزو، قائیمقامی قەزای ئاکرێ، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "پرۆژەی فراوانکردنی سەرێ گری لەپێناو ئەوەدایە باشتر بۆنەی نەورۆزی تێدا بەڕێوە بچێت و بۆ مەبەستی گەشتیاریی دیکەش سوودی لێ وەرگیرێت".
سەرێ گری جگە لە فراوانکردنی، بە شێوەیەکی شارستانی دەڕازێنرێتەوە و کەشێکی لەبارتر بۆ گەشتیاران دابین دەکات.
هاووڵاتییەکی ئاکرێ لەمبارەیەوە دەڵێت: "ئەم پرۆژە سوودێکی زۆر بە ئێمە دەگەیەنێت، بەتایەت لەڕووی جووڵەی گەشتیاری و کاسبکارییەوە".
هۆگر سەلیم، ئەندازیاری پرۆژەکەیە؛ گوتی: "پێشتر خەڵکێکی زۆر دەهاتنە ئاکرێ، کە لەم بەرزاییەوە جێگەی هەموویان نەدەبووەوە، بۆیە بە فراوانکردنی ناوچەکە، دەتوانرێت گەشتیارێکی زۆرتر بێن و چێژ لە دیمەن و کەشی گەشتیاریی نەورۆز وەرگیرێت".
ساڵانە لە ٢١ ی ئاداردا، شاری ئاکرێ بە بایەخەوە پێشوازی لە جەژنی نەورۆز دەکات؛ بەوەش خەڵکێکی زۆر ڕووی تێدەکەن. حکومەتی هەرێم دەیەوێ بە گەشەپێدانی زیاتری ناوچەکە، ئەم مۆرکە کولتوورییە لە ئاکرێ زیاتر گەشە پێبدات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری