Skip to the content

پشکنینی خۆراک و چاودێریی نرخ لە ڕەمەزاندا چڕتر دەکرێتەوە

لیژنە هاوبەشەکانی پشکنینی خۆراک و چاودێریکردنی نرخ لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بەردەوام چالاکن و بۆ مانگی ڕەمەزانیش هەڵەمەتەکانیان چڕتر دەکەنەوە.

محەممەد قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی قەزای کەلار، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکوو لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی قەزای کەلار، سەردانی ئەو شوێنە گشتییانە دەکەین کە تیایدا خواردن بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت؛ لە مانگی ڕەمەزان سەردانەکانمان چڕ دەکەینەوە؛ بۆ زیاتر دڵنیابوون لەوەی لەم مانگەدا نرخی خواردەمەنییەکان بەرز ناکرێتەوە و کوالێتیی خۆراکەکان جێگیر و گونجاو دەبن".

لە ساڵی ٢٠٢٣، لیژنەکان لە قەزای کەلار، زیاتر لە ٢٢ هەزار پشکنینیان بۆ خۆراک کردووە. لە ئەنجامدا: ٩٢٢ شوێن سزا دراون، ٦٥ شوێن سزای داخستنیان بەسەردا سەپێنراوە و ٥٧ تۆن کەلولوپەلی خراپ دەستی بەسەردا گیراوە.

هەردی سەرکەوت، گوتەبێژی قائیمقامییەتی قەزای کەلار، گوتی: "هەموو ساڵێک پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان، بە سەرپەرشتیی قائیمقامییەتی کەلار لەگەڵ سەرجەم لیژنە جیاجیاکانی قەزای کەلار و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەی تایبەت بە ئامادەکاری بۆ مانگی ڕەمەزان دەکرێت؛ ئامانجی سەرەکیمان بە پلەی یەک، ڕێگرییە لە بەرزکردنەوەی نرخی خواردەمەنی. بە هۆی زیادبوونی خواستی هاووڵاتییان لەسەر خواردن لە مانگی ڕەمەزان، بۆیە کاری لیژنەکان توندتر دەکرێت، بۆ ڕێگریکردن لە بەرزکردنەوەی نرخی خۆراک و ساغکردنەوەی خۆراکی ماوەبەسەرچوو".

لیژنە هاوبەشەکان لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بەردەوامی بە گەڕان و پشکنینەکانیان دەدەن، لەپێناو ڕێکخستنەوەی بازاڕ و دابینکردنی سەلامەتیی خۆراکی بۆ هاووڵاتییان.

فەرمانگەی میدیاو زانیاری