ڕۆژی سێشەممە بارانی بەلێزمە دەبارێت
بەپێی پێشبینییەکانی بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ڕۆژى دووشەممە، ڕێکەوتى ١٨ ی ٣ ی ٢٠٢٤، نمەباران لە کاتە جیاجیاکان لە هەندێ ناوچە دەبارێت و زۆربەى کاتەکان ئاسمان هەورى تەواو دەبێت و پلەکانى گەرما بە نزیکەى ١-٣ پلە نزم دەبنەوە. سنوورى پارێزگاى دهۆک بارانى زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە کاتەکانى شەودا.
ڕۆژى سێشەممە، ١٩ ی ٣ ی ٢٠٢٤، دواى زیادبوون و بەهێزبوونى کاریگەریی ئەم شەپۆلەی ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات، بارانبارین بەشێوەى مامناوەند و لێزمە و هەورە تریشقە سەرجەم هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بڕى بارانبارینى پێشبینیکراو لەگەڵ کاتى دابارین بە جیاوازىی ناوچەکەمان بەم شێوەیە دەبێت:
پێشبینی دەکرێت بڕی بارانبارین بەم شێوەیە بێت:
سەنتەرى شارى دهۆک سەرووى ٦٠ ملم
و ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەت ناوچە سنووریەکان (ئاکرێ، شیلادزە، چمانکێ ئامێدى) سەرووى ٧٠ ملم.
ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ لە نێوان ٤٥-٦٠ ملم دەبێت.
دواى درێژبوونەوەى کاریگەریی ئەم شەپۆلە بۆ سەرجەم ناوچە جیاجیاکانى هەرێم، بڕى دابارین بۆ رۆژى سێشەممە لە ناوچەکانى تر بەم شێوەیە دەبێت:
سنوورى پارێزگاى هەولێر: سەنتەرى شار زیاتر لە ٤٠ ملم دەبێت، وە ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر لە سەرووى ٦٠ ملم دەبێت.
لە ئیدارەى سەربەخۆى سۆران بڕى بارانى پێشبینیکراو لە سەرووى ٦٠ ملم دەبێت.
سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى گەرمیان و بەشێک لە پارێزگاى هەڵەبجە زۆربەى کات لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ و ئێوارە بارانبارینى بە لێزمەى دەبێت و بارانى پێشبینیکراوى لە ماوەى کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەم شێوەیە دەبێت:
سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ناوچە شاخاوییەکانى ٤٥-٧٥ ملم دەبێت.
ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان لە ٣٥-٤٥ ملم دەبێت.
پارێزگاى هەڵەبجە و ناوچە شاخاوییەکانى ٢٥-٣٥ ملم دەبێت.
ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەڕین: بە درێژایی ماوەى دەستپێکى شەپۆلەکە بارانبارین دەبێت و بڕى بارانى پێشبینیکراو بۆ ئەم سنوورە لە نێوان ٦٥-٨٥ ملم دەبێت.
هەروەها ئەگەرى تەزرەبارین و هەورەتریشقە هەیە لە کاتە جیاجیاکان و هەندێ ناوچەدا، لەگەڵ زیادبوونى خێرایی با بۆ سەرووى ٢٥ کم لە کاتژمێرێکدا.
کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە ڕۆژى چوارشەممە لاواز دەبێت و لە کاتەکانى دواینیوەڕۆى هەمان ڕۆژ کۆتاىی دێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری