Skip to the content

حکومەتی هەرێم وەک هاوکاری 3 ملیار دیناری خستووەتە سەر پارەی حاجییان

دەستەیەکی دیکە لە هاووڵاتییانی هەرێم، بە هاوکاریی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەرەو گەشتی حەجکردن بەڕێ کەوتن و بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەش دەڵێت: حکومەت بارقورسیی دارایی لەسەر حاجییان کەم کردووەتەوە.

شێخ نیاز ڕاغب، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە لەمبارەیەوە دەڵێت: "دوای ئەوەی ٢٧ ی مانگ، یەکەم کاروانی حاجییانمان بە ڕێگای ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بەڕێ کرد؛ ئەمڕۆش کاروانی حاجییانمان بە ڕێگای وشکانی بەڕێ کرد کە ژمارەیان هەزار و ٦٤٠ حاجییە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان؛ لەم ڕووەوە ئاسانکاریی زۆر کراوە و هەموو پێداویستییەک بۆ بەڕێکردنی حاجییان بەڕێگای وشکانی و ئاسمانی فەراهەم کراوە".
گوتیشی: "لە پێشوودا تێچووی حەج زۆر بوو؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو هاوکارییەک زیاتر لە ٣ ملیار دیناری خستە سەر پارەی حاجییان، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی خەرجیی تێچووی حەج لەسەر حاجییان".

ڕێکەوت عەلی، ڕێنوێنیکەری ئایینییە و دەڵێت: "وەک ڕێنوێنیکەری ئایینی، بەشدار دەبین لەگەڵ حاجییانی هەرێمی کوردستان بە ڕێگای وشکانی؛ هەوڵدەدەین جێگای متمانەیان بین و لەم کاروانە خزمەتییان بکەین و هاوکاریان بین، تاوەکوو کۆتایی بە حەجەکەیان دەهێنن. ئاگاداری و ڕێنوێنیی وەزارەتی ئەوقاف و حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانمان پێگەیشتووە. لە ڕێگەی خولی ڕاهێنانەوە دەتوانین هاوشان و هاوسەفەری حاجییان بین، لە ڕێگەی ڕێنماییی ئایینییەوە هاوکاریان دەبین لە دەستپێکی کاروانەکە تاوەکوو کۆتایی".

ئاوات ئەبوبەکر، هاووڵاتییەکی کاروانی حەجە و دەڵێت: "هەستێکی زۆر خۆشم هەیە؛ ئامادەکاریی زۆر باشیان بۆ کردووین، دەستخۆشییان لێ دەکەین".

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان ساڵانە سەرپەرشتیی ناردنی حاجییان و ئامادەکارییەکانی حەج دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو فەراهەمکردنی ژینگەی ئازادیی ئایینی و جێبەجێکردنی سرووتە ئاییینییەکان، کاراسانی بۆ حەجی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری