Skip to the content

دامەزراوەی نەهرەین بۆ پشتیوانیکردنی شەفافییەت و دەستپاکی ڕێزلێنانی بەخشییە سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ ی ئایاری ٢٠٢٤، دامەزراوەی نەهرەین بۆ پشتیوانیکردنی شەفافییەت و دەستپاکی (ANSIT)، سەردانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری کرد و ڕێزلێنانی بەخشییە د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری.

ڕێزلێنانەکە لە سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ستایشکردنی گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی ڕاگەیاندنی زانیاری و داتاکانە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە بۆ بەهێزکردنی شەفافییەت گرتوویەتە بەر.

محەممەد ڕەحیم زەعیر، سەرۆکی دامەزراوەی نەهرەین ڕایگەیاند: "سەردانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریمان کرد و ڕێزمان لێ نان، بە هۆی ئەو ڕێوشوێنانەی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و داتاکان گرتوویانەتە بەر، ئەمەش بەپێی شێواز و پێنوێنی نێودەوڵەتی کراون کە هاوکارن لە هەڵسەنگاندنی دۆخی عێراق؛ ئەوەش هاوکارە لە بەهێزکردنی زانیارییەکان لەپێناو دۆخی دەستپاکی لە عێراقدا".

گوتیشی: "فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بە شێوەیەکی ڕژد هەوڵی داوە زانیارییەکان بەردەست بخات و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەستیان بە زانیارییەکان بگات، کە بەداخەوە لە دامەزراوەکانی دیکەی عێراقدا ئەمە هەستی پێ ناکرێت، بۆ ئەمەش هەماهەنگیی زیاتر و هاوکاریی زیاترمان دەبێت".

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە بڵاوکردنەوەی داتا و زانیارییەکانی پەیوەست بە حکومەت و پێهەستانی دامەزراوەکانی، بەشێوەیەک هاوکار بێت لە برەودان بە شەفافییەت و دەستپاکی و بەهێزکردنی حوکمڕانیی باش.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری