Skip to the content

سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان دادەمەزرێن

لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان بە مەبەستی دامەزراندن بۆ حکومەتی فیدڕاڵی نێردراوە.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمبارەیەوە دەڵێت: "ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ١٩٢٨ لە ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٤، داوای لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد، لیستی ناو و ناونیشان و کۆمەڵێک وردەکاریی تری سێ یەکەمەکانی زانکۆکان لە خشتەیەکدا ئامادە بکەن و بە نووسراوێک بەرزی بکەنەوە بۆ ئەوەی بە مەبەستی دامەزراندن ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵی بکەن".

گوتیشی: "وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تۆماری گشتیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان خشتەیەکی ئامادە کردووە؛ کە بەپێی ئەم خشتەیە پێویستە زانکۆکان لیستی ناوی سێ یەکەمی دانەمەزراوی چەندین ساڵە لەسەر ئاستی بەشەکانی کۆلێژ و پەیمانگاکان بە وردەکاریی دەستنیشانکردنی مووچە و ناونیشانی کار و پسپۆڕی و زانکۆ و کۆلێژەکان بۆ وەزارەت بەرز بکەنەوە؛ بۆ ئەوەی بەرز بکرێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بە مەبەستی دامەزراندن. بەو ئومێدەین دوای ئەم هەوڵە و ئامادەکردنی لیستەکان بڕیاری دڵخۆشکەر بۆ سێ یەکەمەکان هەبێت و بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەربچێت".

لەم کابینەیەدا دوو خولی سێ یەکەمەکان دامەزرێندراون کە ژمارەیان نزیک ٣ هەزار دەرچوو بوو. بەپێی بەدواداچوون و ئامارە سەرەتاییەکان زیاتر لە ١٠ هەزار دەرچووی سێ یەکەم لەسەر ئاستی کۆلێژ و بەشەکان لە هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا دانەمەزراون. کە ئەوانیش بریتین لە سێ یەکەمەکانی ساڵی (٢٠١٧-٢٠١٨)، تاوەکوو (٢٠٢٢-٢٠٢٣).


فەرمانگەی میدیا و زانیاری