Skip to the content

7 ملیار و 348 ملیۆن دینار لە دروستكردنی هۆڵی "ڕۆشنبیری و بیرەوەری" لە بەردەڕەش خەرج دەكرێت

"هۆڵی ڕۆشنبیری و بیرەوەری" هۆڵێکی سەردەمییانەیە، کە بە گوژمەی ٧ ملیار و ٣٤٨ ملیۆن دینار لە ناوەندی قەزای بەردەڕەش دروست دەکرێت؛ ڕووبەری پرۆژەکە ٤٠ هەزار مەترە و لە ماوەی ٥٤٠ ڕۆژدا تەواو دەکرێت.
لوقمان عوسمان، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پرۆژەکەیە و دەڵێت: "ڕووبەری کۆی پرۆژەکە ٤٠ هەزار مەترە و ماوەکەی ٥٤٠ ڕۆژە؛ لەگەڵ تەواوبوونی دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان".
هاووڵاتییانی قەزای بەردەڕەش دڵخۆشن بە دروستکردنی ئەم هۆڵە بۆ قەزاکەیان و سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
عەبدی حوسێن، هاووڵاتییەکی قەزای بەردەڕەشە و دەڵێت: "سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین؛ کە هەستا بە دروستکردنی هۆڵێکی سەردەمییانە بۆ قەزاکەمان".
قاسم عەبدولکەریم، هاووڵاتییەکی ترە و لەمبارەیەوە دەڵێت: "جێی سوپاسە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگ داواکاریی هاووڵاتییانی قەزای بەردەڕەشەوە هات. شوێنێکی باشیان بۆ دروستکردنی ئەم پرۆژەیە دیاری کردووە و هۆڵێکی گەورەیە و خەڵک دەتوانن بۆ بۆنەکان سوودی لێ ببینن".
هۆڵەکە دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێزی بەڕێوەچوونی چالاکییە جۆراوجۆرەکان لەو دەڤەرە و هەوڵ دەدرێت كار و پرۆژەكانی لەم جۆرەی كابینەی نۆیەم لە هەموو دەڤەر و ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری