Skip to the content

بە گوژمەی ملیارێک و 600 ملیۆن دینار پێنج گوندی کەلەکچی قیرتاو کران

بە گوژمەی ملیارێک و 600 ملیۆن دینار، بە درێژاییی 14 کیلۆمەتر، ڕێگای گوندی دەروێشان، ئافدەلی، تلجومل، زیناڤا کەڤن و گەرمکی بچووک، لە ناحییەی کەلەکچی قیرتاو کران.

هەڤاڵ محەممەد شەریف، بەڕێوەبەری ناحییەی کەلەکچییە و لەم بارەیەوە دەڵێت: "لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پرۆژە و خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر لە ناحییەی کەلەکچی و گوندەکانی سەر بەو ناحیەیە ئەنجام دراون. لەم ناحیەیە بە درێژاییی ١٤ کیلۆمەتر، ڕێگای پێنج گوند قیرتاو کراون؛ کە خزمەتی هاووڵاتییانی ئەو گوندانە دەکەن و بە ناحییەی کەلەکچییان دەگەیەنن".

هاووڵاتییانی ئەم پێنج گوندە و ناحییەی کەلەکچی سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و زۆر دڵخۆشن بە ئاسانکاریی هاتووچۆ کردنیان بۆ ئەم گوندانە، بەهۆی قیرتاوکردنیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هاووڵاتییەکی ناحییەی کەلەکچی لەم بارەیەوە دەڵێت: "پێش قیرتاوکردنی ئەم ڕێگایانە هاتووچۆکردنمان زۆر ناخۆش بوو؛ نەماندەتوانی بە ئاسانی بچین بۆ ئەم گوندانە. سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ڕێگای ئەم گوندانەی بۆ قیرتاو کردین، کە زیاتر لە ٨ گوند سوود لەم ڕێگا قیرتاو کراوانە بۆ هاتووچۆ وەردەگرن".

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی ژێرخانی کوردستان بەردەوامە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو گوند و شار و شارۆچکە جیاوازەكانی هەرێمی کوردستان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری