Skip to the content

حکومەتی هەرێم بە دوو ڕێگەی سەردەمییانە ڤیزا دەداتە گەشتیاران

گەشتیاران لە ڕێگەی وێبسایتی وەزارەتی ناوخۆ دەتوانن ڤیزە بە شێوەی ئۆنلاین وەربگرن. بۆ ئەو مەبەستە ئێستا پێدانی ڤیزا بە گەشتیارانی بیانی بە دوو شێواز دەکرێت:

ڤیزای ئۆنلاین، کە پێشوەختە گەشتیاران لە ڕێگەی وێبسایت، لە وەزارەتی ناوخۆی داوا دەکەن و دوای ڕەزامەندی، ڤیزا وەردەگرن.
هەروەها ڤیزای ئۆن ئەراڤڵ، ئەو ڤیزایەیە کە هەڵگرانی پاسپۆرتی ٥٣ وڵات دەتوانن لە کاتی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان لە فرۆکەخانە وەریبگرن و پێویست بە داواکاریی پێشوەختە ناکات.

ئەحمەد وشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەم بارەیەوە دەڵێت: "ئەو وڵاتانەی کە ڤیزە بەخۆڕایی و بێبەرامبەر دەدەنە هاووڵاتییانی خاوەن پاسپۆرتی عێراقی، بە هەمان شێوە هاووڵاتیی ئەو وڵاتانە، کە دێنە عێراق یان هەرێمی کوردستان بێبەرامبەر دەتوانن ڤیزە وەربگرن".

لۆلان حەمید، بەرپرسی بنکەی نشینگە و پاسپۆرت لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەڵێت: "دوو جۆر ڕێکارمان بۆ هاووڵاتییانی بیانی هەیە؛ ئەوانەی کە هەڵگری پاسپۆرتی ٥٣ وڵاتن لە کاتی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان لە فرۆکەخانە دەتوانن ڤیزە وەریبگرن بەرانبەر بە بڕێک پارە. ئەوانی تر پێویستە ڕەزامەندیی پێشوەختەیان هەبێت و ڤیزە پێشکەشی بەشی ڤیزەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکەن؛ دوای ڕەزامەندیوەرگرتن دەتوانن بێن بۆ هەرێمی کوردستان".

گەشتیاران لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە بڕی ٧٢ دۆلار لە بەرامبەر وەرگرتنی ڤیزا دەدەن.

ڕێکخستنەوە و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان هەنگاوێکی گرنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا تەواوی کاروبارە کارگێڕییەکان و مامەڵەی هاووڵاتییان بە دیجیتاڵی دەکرێن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری