Skip to the content

سیمپۆزیەمێک لەبارەی فیدراڵیزمی عێڕاق و هەڕەشەکانی بەردەمی بەڕێوە دەچێت

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٢ ی ئایاری ٢٠٢٤، لە ژێر چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیمپۆزیەمی "فیدڕاڵی زامنی سەقامگیری و پێکەوەژیانە" بە هاوبەشیی زانکۆکانی سەڵاحەدین، دهۆک، زاخۆ، سۆران، لە سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوە دەچێت و بڕیاریشە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە کارەکانی بەردەوام بێت.

ئەڤین خالید، سەرۆکی لیژنەی سیمپۆزیەم بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: "دوای بڕیارەکانی ئەمدواییەی دادگای فیدڕاڵی کە لێکەوتەی خراپی لە دژی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان لێکەوتەوە، بە پێویستمان زانی لە چوارچێوەی سیمپیۆزیەمێکی هاوبەشدا لە نێوان ئەم چوار زانکۆیە، هەڵسەنگاندنێک بۆ بڕیارە نادەستوورییەکانی دادگای فیدڕاڵی بکەین".

دەشڵێت: سیمپۆزیەمەکە چوار پانێلی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، لەوانە: پرسی فیدڕاڵی و گرنگیی فیدڕاڵی بۆ عێراق، گرنگیی جێبەجێکردنی ماددە و بڕگەکانی دەستووری عێراق بەتایبەت ئەو ماددانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی دادگای فیدڕاڵی، کە ئایا توانیویەتی بە گوێرەی دەستوور مامەڵە بکات یان ئایا پێکهاتەی دادگای فیدڕاڵی بە گوێرەی بڕگە و ماددەکانی دەستوورە؛ تەوەرێکی دیکەی سیمپیۆزیەم پرسی پێکەوەژیان و مافی پێکهاتەکانە لە هەرێمی کوردستان".

د. شاڵاو عەبدولخالق، لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: "بەم دواییانە سیستەمی فیدڕاڵی و دەستوور لە عێراق پێشێل دەکرێت. لەم سیمپیۆزیەمەدا ١٦ پسپۆڕی سیاسی و یاسایی گفتوگۆی فراوان لەسەر ئەم پرسانە و کاریگەرییان لەسەر داهاتووی عێراق دەکەن".

لەم سیمپۆزیەمەدا ئاماژە بەوە دەکرێت تاچەند دەستووری فیدڕاڵیی عێراق سەرڕاستانە جێبەجێ کراوە، هەروەها هۆکاری ئەوەش دیاری دەکرێت کە بۆچی حکومەتی فیدڕاڵی لە جێبەجێکردنی هەندێک بڕگە و ماددەی دەستووردا هەنگاوی دەستوورییانەی هەڵنەهێناوە، لەوانە: هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، دروستنەکردنی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی و ئەو دامودەزگایانەی بۆ پەیڕەوی سیستەمی فیدڕاڵی پێویستن؛ وەک ئەو دامودەزگا فیدڕاڵییانە کە لە دەستووری عێراقدا هەن لەوانە: دەستەی گشتیی پاراستنی مافی هەرێمەکان و پارێزگای دەرەوەی هەرێمەکان، دەستەی گشتیی چاودێری و تەرخانکردنی داهاتە فیدڕاڵییەکان و ئەنجوومەنی فیدڕاڵی لە پەرلەمانی عێراق.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری