سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەگەڵ بەرپرسانی ڕاگەیاندنی دامودەزگاکانی حکومەت کۆبووەوە
سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەگەڵ بەرپرسانی ڕاگەیاندنی وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە و پلان و بەرنامەی ڕاگەیاندنی حکومەتی هەرێم تاووتوێ کرا.
ڕۆژی دووشەممە، 13 ی ئایاری 2024، د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان کۆبووەوە و تێیدا بەرنامە و ڕوانگەی ڕاگەیاندنی حکومەت خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر لە نێوان دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومەت لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری کرا، بۆ بەهێزترکردنی گەیاندنی زانیاری و کار و پرۆژەکانی حکومەت بە هاووڵاتییان، لەسەر بنەمای ڕاستی و دروستی.
بەرپرسانی ڕاگەیاندنی حکومەت، جگە لە پشتیوانیکردن و بەرز نرخاندنی ڕۆڵی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە وێناکردنی گوتاری میدیایی حکومەت، جەختیان لە هاوکاری و هەماهەنگیی دامەزراوەیی کردەوە، تاکوو گەیاندنی پەیامی حکومەتی هەرێم بۆ هاووڵاتییان بەردەوامی پێ بدرێت و زیاتریش بەرەو پێشەوە ببرێت؛ هاوکات سەرۆکی فەرمانگە پاڵپشتیی هەمەجۆری بۆ کارەکانیان دووپات کردەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری