Skip to the content

شاندێکی گەشتوگوزاری کوردستان لە پێشانگەی بازاڕی گەشتیاریی عەرەبی لە دوبەی بەشدار دەبێت

شاندێکی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە یاوەریی ژمارەیەک کۆمپانیای گەشتیاریی کوردستان، بەشداری دەکەن لە پێشانگای بازاڕی گەشتیاریی عەرەبی (ATM) کە بڕیارە لە ڕۆژانی ٦ تا ٩ ی ئایار لە شاری دوبەی، وڵاتی ئیماراتی یەکگرتوویی عەرەبی بەڕێوە بچێت.

پێشانگاکە بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا و دامەزراوەی گەشتیاریی وڵاتان بەڕێوەدەچێت و بە یەکێک لە پێشانگە هەرە گرنگەکانی جیهان لە بواری گەشتیاری ئەژمار دەکرێت.
هاوکات بۆ یەکەمین جاریشە زیاتر لە ٧٠ کۆمپانیای گەشتیاری و فرۆکەوانیی هەرێمی کوردستان هاوشانی شاندی گەشتوگوزار لە ستاندی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن.

ئامانج لە بەشداریکردن بریتییە لە ناساندن و بەبازاڕکردن بۆ شوێنە گەشتیاری و شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاشناکردنی بەشداربووانی پێشانگا بە سروشت و تەنهایی و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە بنیادنانی شارستانیەت و دروستکردنی پردی پەیوەندی لەنێوان کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان و وڵاتانی بەشداربوو بە مەبەستی راکێشانی سەرنجی گەشتیاران.

شاندی گەشتوگوزاری کوردستان پێک دێت لە بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری گەرمیان، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆژەکان و بەڕێوەبەری داهات لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڕێوەبەری کاروباری کارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، سەرجەم بەڕێوەبەرانی ڕاگەیاندن و بەبازاڕکردن لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و فەرمانبەری بەڕێوەبەری بەبازارکردن لە دەستەی گەشتوگوزار.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری