Skip to the content

وەزارەتی تەندروستی چۆنییەتی ناسینەوەی دەرمانی یاسایی لە دەرمانخانەکان بە هاووڵاتییان ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی لە سەلامەتیی ئەو دەرمانانە دەدات کە ستیکەری تایبەتیان پێوەیە و هاووڵاتییان فێری ڕێکارەکانی خۆدڵنیاکردنەوە دەکات.

ستیکەری نوێی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان (KMCA)، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناوی دەرمان، ناوی کۆمپانیای هاوردەکار، ژمارەی باج، ژمارەی داواکردن و نرخی دەرمانەکەی تێدایە.

بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکاری، لە لای ڕاستی ستیکەرە نوێیەکە موگناتیسێک هەیە کە جۆرێکی تایبەت مەرەکەبی تێدایە و ساختە ناکرێت، لە کاتی نزیکخستنەوەی موگناتیسی تایبەت (لە دەرمانخانەکان هەیە)، ڕەنگی بۆ سەوز دەگۆڕێت.

هەروەها لە لای چەپی ستیکەرەکە، بارکۆدێک هەیە، لە کاتی سکانکردن بە ئاپی "QR Code Scaner" یان کامێرای مۆبایل، کۆمەڵێک زانیاری بە سێ زمان "کوردی، ئینگلیزی و عربی" لەسەر ناو، نرخ، وڵاتی سەرچاوە و باری بەرهەم دەخاتە ڕوو.

وەزارەتی تەندروستی ئاگاداریی هاوڵاتییان دەکاتەوە، خۆیان لە دەرمانی بێ ستیکەر و گوماناوی بەدوور بگرن و هەوڵ بدەن بەو ڕێکارانە دەرمانی ڕێپێدراو بناسنەوە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری