Skip to the content

پرۆسەی بەخشینی زەوی بە فەرمانبەران دەست پێ دەکات

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت: "دابەشکردنی زەوی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان دەگرێتەوە و تەنیا ئەو فەرمانبەرانە نەبێت کە پێشتر سوومەند بوون لە پێدانی زەوی".

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٤ ی ئایاری ٢٠٢٤، موفیدە یونس مستەفا، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: "بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ٢٤٢ کە لە ڕێککەوتی ٢٧ی ئاداری ساڵی ٢٠٢٤ دەرکراوە تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار هەڵساوە بە ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی و لەو چوارچێوەیەدا و بە مەبەستی خستنەڕووی داتاکانی فەرمانبەران و ژمارەی زەوییەکان و هەڵسەنگاندنی پێویستیی دیاریکردنی زەوییەکان لەسەر نەخشە، دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان و سەرۆکایەتیی شارەوانیەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەی ئاوەدانی ئەنجام داوە".

موفیدە یونس، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار زیاتر ڕوونی کردەوە، کە وەزارەتەکەیان ڕێنماییی پێویستی سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی ئامادە کردووە کە بەم شێوەیەیە:
هەموو ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی و خزمەتییان لە هەشت ساڵ کەمتر نییە، بەگوێرەی ڕێنماییەکان زەویان پێ دەدرێت".
ئاماژەی بەوەش کرد "دابەشکردنی زەوی فەرمانبەرانی خانەنشین دەگرێتەوە کە پێشتر لە ژیانی فەرمانبەریدا لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون".
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە "وەزارەتی شارەوانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی نووسراوێکەوە ڕێنماییەکان ئاراستەی ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان دەکات بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی".

سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئەو ڕاوێژکارەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕوونی کردەوە: "بە گوێرەی زەویی پێویست لە سنووری هەر شارەوانییەک فەرمانبەران سەرپشک دەکرێن بەوەی زەوی لە شوێنی لەدایکبوونیان یان لە شوێنی کارکردنی ئێستایان وەردەگرن".
هەروەها بە گوێرەی پێویستیی بوونی زەوی و بە ڕەچاوکردنی خاڵبەندی وەک ساڵانی خزمەت و بڕوانامە و باری کەسی، تیروپشک لەنێوان فەرمانبەراندا دەکرێت.
ڕۆژی ٢٧ ی ئاداری ٢٠٢٤، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستان دا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوییە بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری