Skip to the content

ڕێکاری تایبەت بەرانبەر پەیجە نایاساییەکانی پڕوپاگەندەی دەرمان دەگیرێتە بەر

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی، ڕێکاری یاسایی بەرانبەر ئەو پەیج و هەژمارانەی ناو سۆشیالمیدیا دەگرێتە بەر، کە لە دەرەوەی ڕێنماییە تەندروستییەکان پڕوپاگەندە بۆ دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان دەکەن.

سەرکار واحیدەدین، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە، هەموو ئەو پەیج و هەژمارانەی لە دەرەوەی ڕێنماییە تەندروستییەکان مامەڵە دەکەن، ڕێکاری یاساییان لە بەرانبەر بگیرێتە بەر".

دەشڵێت: " داوا لە هاووڵاتییان دەکەین، ڕێنمایی تەندروستی لەو کەسانە وەرنەگرن کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕێکلام دەکەن، ڕێنمایی تەنیا لە پزیشک و کەسانی پسپۆڕی مۆڵەتپێدراو وەرگرن".

بڕیاری ڕێگری لە بازاڕسازی بۆ دەرمان و کەرەستەی پزیشکی، لە دەرەوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، بۆ پاراستنی زیاتری دۆخی تەندروستی و ئابووریی هاووڵاتییانە و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدایە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری