Skip to the content

کاراسانییەکانی کابینەی نۆیەم هانی خۆتۆمارکردنی 8 هەزار و 274 کۆمپانیای نوێی داوە

8 هەزار و 274 کۆمپانیای نوێ لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا خۆیان تۆمار کردووە کە سێیەکی هەموو کۆمپانیاکانی هەرێمن.

بڵند محەممەد، بەڕێوەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند سەرەڕای قەیرانی دارایی و فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیاکان خۆیان تۆمار کردووە.
گوتیشی: "تەنیا لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا هەشت هەزار و 274 کۆمپانیا خۆیان تۆمار کردووە کە دەکاتە یەک لەسەر سێی کۆی گشتیی ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکان لە هەرێمی کوردستان، 36 هەزار و 567 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و لەو ژمارەیەدا 32 هەزار و 23 کۆمپانیا ناوخۆیین، هەروەها سێ هەزار و 405 لقی کۆمپانیای بیانین، جگە لەوەش هەزار و 139 کۆمپانیای دیکە لقی کۆمپانیاکانی بەغدان لە هەرێمی کوردستان".

هۆکارەکانی زیادبوونی خۆتۆمارکردنی کۆمپانیاکان بۆ چەند ڕێکارێک دەگەڕێتەوە کە لە کاری لەپێشینەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە؛ لەوانە:
یەکەم: هەمواری یاساکانی 11 و 12 و 13و 14، تایبەت بە یاساکانی بواری بازرگانی و یاسای کاری یەکێتییە بازرگانییەکان و یاسای وەزارەتی بازرگانی.
دووەم: دەرچوواندنی پەیڕەوی ژمارە 15ـی ناوی بازرگانی، یەکێکە لە هۆکارەکانی زیادبوون لە خۆتۆمارکردنی کۆمپانیاکانی ناوخۆ و دەرەکی.
سێیەم: بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی تۆماری کۆمپانیاکان کە بەشێوەیەکە خاوەنکار دەتوانێت لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا سەرجەم ڕێکارەکانی تۆمارکردنی کۆمپانیاکەی ئەنجام بدات.
چوارەم: کەمکردنەوەی ڕێژەی تێچوونی دارایی بە ڕێژەی لە 80% لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان.
پێنجەم: دەرکردنی پەیڕەوی ژمارە 1 لە ساڵی 2021؛ بە گوێرەی پەیڕەوەکە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ کۆمپانیاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کراوە کە بتوانن وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ئاماژە بەوە دەکات هەرچەندە تێچووی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کەم کراوەتەوە، بەڵام داهاتەکان بە نزیکەی ڕێژەی 50% زیادی کردووە، لە ساڵی 2022 هەزار و 200 کۆمپانیا خۆیان تۆمار کردووە بەڵام لە ساڵی 2023 زیاتر لە سێ هەزار کۆمپانیا خۆیان تۆمار کردووە.
ئەم گۆڕانکارییە، دەرفەتی کاری زیاد کردووە و هەلی کاری بەشێوەیەکی بەرچاو ڕەخساندووە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاران لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، دەستەبەر کراون.
خاوەنکارێک دەڵێت: "کابینەی نۆیەم هەنگاوی جددی ناوە بۆ چاکسازیکردن لە تۆماری کۆمپانیاکان" و پارێزەرێکیش دەڵێت: "سەرەڕای کەمکردنەوەی تێچوونە داراییەکان لە ڕاییکردنی مامەڵەکان، هاوکات بە شێوەیەکی گشتی ڕۆتین لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەم کراوەتەوە".
ئەکرەم عوسمان ـی خاوەنکار بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: "لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا چاکسازیی گەورە لە کەرتی تایبەت و لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکاندا کراوە و چاکسازییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی خاوەنکاران و کۆمپانیاکان هەست بە دڵنیایی بکەن".
شوان شێخ تەها، پارێزەر؛ گوتی: "لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا بە شێوەیەکی گشتی ڕۆتین لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەم کراوەتەوە و هەنگاوەکانی چاکسازی لە کەرتی تایبەت و تۆماری کۆمپانیاکان سوودێکی زۆر بە خاوەنکاران دەگەیەنێت".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری