Skip to the content

گەیاندنی خزمەتگوزاری بە زەوییەکانی 8ــی حەسارۆک دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنەکەی جێبەجێ کرد و بەپێی توانا خزمەتگوزاری گەیاندە زەوییەکانی ٨ی حەسارۆک.

دوای دروستکردنی شەقامێکی ٦٠ مەتری، لە ئێستادا ١٨٠ شەقام لە زەوییەکانی ٨ ی حەسارۆک بڕین و ڕێکخستنیان بۆ دەکرێت.

کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت: "سەرەڕای هەبوونی کێشە و گرفتە داراییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵمان لە پەیوەندیدا بووە؛ بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییانی ئەو گەڕەکە. یەکەمجارە ئەم کارە بە ئامێر و توانای کارمەندانی شارەوانی جێبەجێ بکرێت، هەربۆیە تێچووی پرۆژەکە کەمترە".

پرۆژەکە بە ئامێر و توانای کارمەندانی شارەوانی جێبەجێ دەکرێت و گوژمەی پرۆژەکە ٧٢٠ ملیۆن دینارە، ئەوەش کەمترە لە نیوەی ئەو تێچووەی کە لە ڕێگەی تەندەرەوە جێبەجێ دەکرێت.

هێرش جەعفەر، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پرۆژەکەیە و دەڵێت: "ماوەی ئەم پرۆژەیە ٢٠٠ ڕۆژە؛ دوای تەواوبوونی کارەکان، هاووڵاتییان دەتوانن لەسەر ئەم زەوییانە خانووەکانیان بنیاد بنێن".

هاوڕێ سەلام خاوەن زەوییە لە ٨ ی حەسارۆک و لەمبارەیەوە دەڵێت: "ماوەی چەندین ساڵە زەویم لێرە هەیە؛ سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بە هانامانەوە هات و خزمەتگوزاری بۆ زەوییەکانمان دابین کرد و هیوادارین بەردەوام بێت لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانمان".

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان ناوەستێت، لەپێناو بوونە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوونی خۆیان، قۆناغ بە قۆناغ تەواوی خزمەتگوزارییەکان دەگەیەنێتە زەوییەکان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری