یەكەمین كۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بەڕێوە چوو
دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆ تاووتوێكردنی دوایین ئامادەكارییەكانی سەرژمێریی گشتی كۆ بووەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14 ی ئایاری 2024، بە سەرۆکایەتیی وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە بەشداریی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، وەزارەتی پێشمەرگە، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، فەرمانگەی میدیا و زانیاری، فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری، دەستەی ئامار، دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، پارێزگاكانی هەرێم و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆكان یەكەمین كۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
كۆبوونەوەكە بە مەبەستی بابەتی ئامادەكارییەكانی سەرژمێریی گشتیی عێراق بەڕێوە چوو، كە تێیدا باس لە ئامادەكاری و هەماهەنگییەكان كرا، بە جۆرێك كە سەرژمێریی گشتیی عێراق لە خزمەتی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و عێراقدا بێت، هەروەها ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی لەبەردەم سەرژمێریدا دروست دەبن، بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی چارەسەر بكرێن.
بڕیار وایە ڕۆژی 29 ی تشرینی دووەمی 2024، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراقدا بكرێت، ئەمەش لە دوای ئەوەی 27 ساڵە سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا نەكراوە و لە دوا سەرژمێریدا لە ساڵی 1997 تەنیا 15 پارێزگای عێراقی بە بێ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان سەرژمێر كران.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری