Skip to the content

ئەو قوتابییانەی لە زانکۆلاین ناویان نەگەڕاوەتەوە دەتوانن گرفتەکانیان چاک بکەن و دووبارە پێشکەشی بکەنەوە

سیستەمی زانکۆلاین یەکێکە لە سیستەمە پێشکەوتووەکانی پێشکەشکردن بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان، کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرپەرشتی دەکات.

خەتاب ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "ئەمساڵ ژمارەی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی 56 هەزار و 130 قوتابیین، لە کۆی 55 هەزار و 871 خوێندکار کە داواکارییان پێشکەش کردبوو بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، 53 هەزار و 79 خوێندکار وەرگیراون و کە دەرچووانی کەرکوك، شەنگال و خانەقین و دەرچووانی خوێندنگە پیشەییەکانیشی تێدایە".

گوتیشی"هەر خوێندکارێک ئەو شوێنەی کە لێی وەرگیراوە بە دڵی نیە دەتوانێت لە سیستەمەکە شوێنی بگۆڕێت، هەروەها ئەو خوێندکارانەی کە هیچ داواکارییەکیان پێشکەش نەکردووە جیاوازن لەوانەی داواکارییان پێشکەش کردووە و وەرنەگیراون، لەبەر ئەوەی کە ئەو داواکارییانەی پێشکەشی کردووە لەگەڵ نمرەکەی نەگونجاوە، لەناو سیستەمەکەی خۆی ئەو کورسییە بەتاڵانەی دەخاتە بەردەست کە نمرەکەی تێدا وەرگیراوە."

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "سیستەمەکە پێشکەوتووە، تاکوو ئێستا هیچ گلەییەک لە سیستەمەکە نەکراوە و گرفتێکی وای نەبووە ناڕەزایی لەبارەوە دروست بێت."

دەشڵێت: "ئەوانەی بەهۆی گرفت لە پڕکردنەوەی فۆرمەکان ناویان نەگەڕاوەتەوە، دەتوانن لەسەر هەمان سیستەم چاکی بکەنەوە و پێشکەشی بکەنەوە، بۆیە مافیان نەفەوتاوە."

فەرمانگەی میدیا و زانیاری