Skip to the content

پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی دۆزینەوەی هەلی كار و دەستی كار لە هەرێمی كوردستان بەگەڕ خرا

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، بە هاوکاریی کۆمپانیا و بە پاڵپشتیی دارایی یەکێتیی ئەورووپا، پلاتفۆرمی گونجاندنی کاریان بۆ بەهێزکردنی دامەزراندن و بەشداری لە بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هەلی کار و گونجاندنی شارەزایی بەگەڕ خست. ئامانجی پلاتفۆرمەکە دابینکردنی ئامرازی دیجیتاڵیی مۆدێرن بۆ بەدواداچوونی کار و خاوەنکارەکانە.
بە بۆنەی دەستپێکردنی ئەم پلاتفۆرمە لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، بە هاوکاریی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، بە پاڵپشتیی دارایی یەکێتیی ئەورووپا، لە 10ی تشرینی دووەمی 2024 لە گەلەریی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئاهەنگی دەستپێکردنی پلاتفۆرمی گونجاندنی کار و پێشانگایەکی کار ڕێک خرا.
ئەم پرۆگرامە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی خاوەنکاران و کارگەران سەبارەت بە پلاتفۆرمی گونجاندنی کار لە ڕێگەی خستنەڕووی تواناکان بۆ گونجاندنی کار، ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی نێوان حکومەت و کرێکاران و خاوەنکارەکان سەبارەت بە ئاستەنگەکان و دەرفەتەکانی دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان، هەروەها زەمینەی گفتوگۆی چڕوپڕ لەسەر داڕشتنی پلانێکی کاری گشتگیر بۆ پەرەپێدانی دامەزراندن و فراوانکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەپێدانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
لە پرۆژەكەدا، سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، هاوبەشە کۆمەڵایەتیەکان، هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، کەرتی تایبەت، كارخوازان، چالاکانی گەنج سوودمەند دەبن.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری