Skip to the content

ئەنجامی بەراییی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بڵاو کرایەوە

ڕۆژی دووشەممە (25-11-2024)، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند.

وەزیری پلاندانان ئاماژەی بەوە کرد "ژمارەی گشتیی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسی تێپەڕاندووە، ڕێژەی دانیشتوان لە شارەکان سەدا 84% و لە گوندەکانیش سەدا 16%یە.
وەزیری پلاندانان ڕوونیشی کردەوە "ژمارەی ئەندامانی نێر لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 200 هەزار و 506 کەس واتە لە سەدا %50.24، هەروەها گوتیشی، ژمارەی ئەندامانی مێینە گەیشتووەتە 3 میلۆن و 170 هەزار و 162 کەس واتا لە سەدا %49.76.

ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە هەرێمی کوردستان:
1.کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتوان: 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەس.
2. ڕێژەی دانیشتوان لە شارەکان: 84%.
3. ڕێژەی دانیشتوان لە گوندەکان: 16%.
4. ژمارەی یەكەی نیشتەجیبوون: 2 ملیۆن و 28 هەزار یەكە.
5. ژمارەی کۆی گشتیی خێزانەکان: یەك ملیۆن و 379 هەزار و 163 خێزان.
6. تێکڕای قەبارەی خێزانەکان: 4.6 كەس
7. ژمارەی تاکی نێر: 3 ملیۆن و 200 هەزار و 506 کەس
8. ژمارەی تاکی مێ: 3 میلۆن و 170 هەزار و 162 کەس
9. ڕێژەی دانیشتوانی ژێر تەمەنی کارکردن کەمتر لە 15 ساڵ: 31.9%.
10. ڕێژەی دانیشتووانی تەمەنی کارکردن لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵدا: 63.7%.
11. ڕێژەی دانیشتوانی سەرووی تەمەنی کارکردنی 65 ساڵ و سەرووتر: 4.4%.
12.. ڕێژەی گەشەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان: 2.48%.



فەرمانگەی میدیا و زانیاری