بە پشتیوانیی کابینەی نۆیەم سەنتەری دڵ لە هەولێر نوێترین خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەش دەکات
سەنتەری دڵ لە هەولێر وەک یەکێک لە باشترین سەنتەرەکانی چارەسەری نەخۆشییەکانی دڵ، جێگای بایەخی کابینەی نۆیەم و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بووە.
لە کابینەی نۆ، سەنتەری دڵ فراوان کرا؛ ژمارەی قەرەوێلەکانی لە 52 قەرەوێلەوە کراوەتە 140 قەرەوێلە و بەشی تایبەت بە منداڵان و سیستەمی ڕیسایکلینی ئاو، کۆگای سەردەمییانە و چەندین بەشی نوێی بۆ زیاد کراوە؛ هەروەها 75%ی کارەبای بەکارهاتووی سەنتەرەکە لە وزەی خۆرەوە بەرهەم دەهێنرێت.
شوان عوسمان، سەرۆکی بەشی قەستەرە و نەخۆشییەکانی دڵ بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگهیاند: "لە پێشتردا تەنها یەک ڕاوێژکاریی نەخۆشیەکانی دڵ و یەک سۆنەری دڵ هەبوو، لە ئێستادا کراوەتە سێ ڕاوێژکار و سێ سۆنەری دڵ؛ بەم هۆیەوە ڕۆژانە دەتوانین پشکنین و سۆنەری دڵ بۆ 150 نەخۆش بکەین".
لە سەرانسەری عێراق نەخۆش سەردانی سەنتەری دڵ دەکات. لە 10 مانگی ڕابردووی ئەمساڵ، زیاتر لە 80 هەزار نەخۆش سەردانی سەنتەرەکەیان کردووە و 1287 نەشتەرگەری کردنەوەی سینگ ئەنجام دراوە، کە لە 41% یان دانیشتووی هەرێمی کوردستان نین.
هەروەها نزیکەی 4 هەزار شەبەکە و باڵۆن دانراون.
لە ئێستادا سەنتەرەکە خاوەن کۆگایەکی گەورەیە کە کەلوپەلی پێویست بۆ ماوەی 6 مانگی ئاییندە بەردەستە و دەیان ئامێری پێشکەوتووی بۆ دابین کراوە، کە لە عێراق و ناوچەکە نموونەیین.
سەنتەرەکە 24 کاتژمێر کراوەیە و دەیان پزیشک و کارمەندی تەندروستیی شارەزا کاری تێدا دەکەن؛ تێچووی چارەسەریش بەراورد بە نەخۆشخانە تایبەتەکان 80% کەمترە.
كابینەی نۆیەم، گرنگییەكی زۆری بە كەرتی تەندروستی داوە و بەردەوامە لە بەرەوپێشبردن و فراوانكردنی ئەم کەرتە؛ لەپێناو خزمەتکردنی زیاتر و کەمکردنەوەی بارگرانیی ماددی لەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری