لە ماوەی ساڵێکدا دەیان پرۆژەی گرنگ و ستراتیجی لە قەزای قوشتەپە جێبەجێ کراون
ساڵێك بەسەر بڕیاری بەقەزابوونی قوشتەپە تێدەپەڕێت و لەو ماوەیەدا کابینەی نۆیەم بە جێبەجێکردنی دەیان پرۆژە بە گوژمەی 250 ملیار دینار، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە شارۆچکەکەدا کردووە.
بژار مەلا خدر، قائیمقامی قەزای قوشتەپە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "لە دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەقەزابوونی قوشتەپەی دا، لەگەڵ ئەوەش کۆمەڵێك بڕیاری گرنگی لە سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان لە بواری ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان پێشکەش بە قەزاکە کرد، بە بڕیارەکانی سەرۆکی حکومەت ئێستا قەزای قوشتەپە چووەتە قۆناغێکی تر".
لە دیارترین ئەو پرۆژانەی لە قەزای قوشتەپە لە ماوەی ساڵێکدا جێبەجێ کراون بریتین لە: دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی، نۆژەنکردنەوەی بنکە تەندروستییەکان، قیڕتاوکردنی 12 کیلۆمەتر شەقام، دروستکردنی چەندین ڕێگەی نوێ بۆ گوندەکان، دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی 15 قوتابخانە و باخچەی ساوایان، ڕووناککردنەوەی شەقامەکان، جێبەجێکردنی دوو پرۆژەی کارەبا و چەند پرۆژەیەکی تر بۆ گەنجانی سنوورەکە.
دانیشتووانی قەزای قوشتەپە لە بەرانبەر ئەو پرۆژانەی لە سنوورەکەیان کراوە خۆشحاڵن و دەڵێن: "دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان کە کارئاسانیی زۆری بۆ دانیشتووانی قەزاکە کردووە و وای کردوە بتوانین بە ئاسانی هاتوچۆ بکەین".
پرۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە قەزای قوشتەپە بەردەوامییان دەبێت، بە مەبەستی زیاتر خزمەتکردنی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری