Skip to the content

مەسرور بارزانی بەنداوی گۆمەسپانی کردەوە و بەردی بناغەی دووسایدی گۆمەسپان – سماقووڵیی دانا

ڕۆژی چوارشەممە (16ی تشرینی یەکەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەنداوی گۆمەسپانی کردەوە، لە هەمان کاتدا بەردی بناغەی دووسایدی گۆمەسپان – سماقووڵیی دانا.

بەنداوی گۆمەسپان، درێژییەکەی 513 مەتر و بەرزییەکەی 70 مەترە. 97 ملیۆن مەترسێجا ئاو دەگرێت و دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان، لە کابینەی نۆیەم لەلایەن دەستی کاری خۆماڵی تەواو کرا. بەنداوەکە بە تەواوبوونی، ناوچەی گۆمەسپان و دەوروبەری دەکاتە ناوچەیەکی گەشتیاری، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەرز دەکاتەوە، سامانی ماسی و ئاژەڵداری و کشتوکاڵ لەو ناوچەیە دەبووژێنێتەوە.

لە چوارچێوەی ئاوەدانکردنەوەی بەردەوام و خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەم بۆ هاووڵاتییان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی دووسایدی گۆمەسپان – سماقووڵیی دانا.
ڕێگەی دووسایدی گۆمەسپان – سماقووڵی، درێژییەکەی 27 کیلۆمەترە، پانتایی هەرلایەکی ڕێگاکە 10 مەترە، 6 پرد و یەک ژێرپرد و 70 ئاوبەری سندوقی لەخۆ دەگرێت، لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵی لە ماوەی دوو ساڵدا تەواودەکرێت.

بە تەواوبوونی دووسایدەکە، گەشەی ئابووری و ئاسانکاریی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان فەراهەم دەکرێت. شارەکانی هەولێر، سلێمانی، ڕانیە، قەڵادزێ و تەواوی ناوچەکانی گۆمەسپان و دەوروبەری بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری