مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپەی دانا
ئەمڕۆ سێشەممە (17 ی ئەیلوولی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپەی لە پارێزگای هەولێر دانا.
پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، پلانی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی ستراتیجییە، بە پاڵپشتیی مەسرور بارزانی، بە گوژمەی 189 ملیار و 670 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بە پرۆژەكە هەڵدەستن؛ لە قۆناغی یەكەمدا، ئاو لە زێی بچووك، لە نزیك گوندی قەشقەوە وەردەگیرێت، تا لە قۆناغەكانی دیكە دەپاڵێورێت و دەگاتە ماڵان. ئاوی پرۆژەكە بە بۆڕیی جۆری كاربۆن ستیل، بە تیرەی 800 ملیم و بە درێژایی 38 كیلۆمەتر دەگاتە قوشتەپە.
پرۆژەكە، ڕۆژانە 72 هەزار مەترسێجا ئاوی خواردنەوە دابین دەكات، بەوەش جگە لە چارەسەری كەمیی ئاو، سوودێكی زۆر بە لایەنی كشتوكاڵی و پیشەسازیی ناوچەكە دەگەیەنێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری