Skip to the content

51% ی کارەکانی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەواو بووە

خالید ئیبراهیم، ئەندازیار لە پرۆژەی دروستکردنی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: "ئێستا سەرقاڵی جێبەجێکردنی بڕگە کۆتاییەکانی ئەو شەقامەین، وەکوو قیڕتاوکردن، یەکتربڕەکان، ئەندەرپاسەکان، پردەکان بە چڕی کاری لێ دەکرێت؛ ئێستا نزیکەی ١٥.٥ کیلۆمەتر قیڕتاو کراوە، بەرنامەمان وایە تا کۆتایی ئەمساڵیش ٢٥ کیلۆمەتر قیڕتاو بکەین".

پرۆژەکە پێک هاتووە لە دروستکردنی ڕێگەیەکی خێرا بە پانیی ١٠٠ مەتر لە سنووری تاسڵووجەوە دەست پێ دەکات، تاکوو شەقامی عەربەت، بە درێژاییی ٣٤ کیلۆمەتر، شەقامەکە لە جووتسایدی سەرەکی، بە پانیی ٢١ مەتر و جووتسایدی خزمەتگوزاری، بە پانیی ١٠ مەتر دروست دەکرێت.

شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی، حەوت یەکتربڕ، پێنج ئەندەرپاس، یەك ئۆڤەرپاس، ٦٧ ئاوبارەی کۆنکرێتی و پردێك لەخۆ دەگرێت؛ ئەندازەیەکی مۆدێرنی هاتوچۆی بۆ ئەنجام دەدرێت.

شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی، سیمایەکی نوێ بە شار دەدات، دەبێتە ئاماژەیەک بۆ پەرەپێدان و پێشکەوتنی شارەکە، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی قەرەباڵغیی شەقامەکانی سلێمانی، بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە و کارئاسانیی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان بکات.

لە ١١ ی تەمووزی ٢٠٢٠، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی دانانی بەردی بناغەی شەقامەکە گوتی: "خۆم زۆر بە بەختەوەر دەزانم و خۆشحاڵم؛ کە بەشدارم لە دانانی بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی، کە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی حکومەتی هەرێم، بۆ شاری خۆشەویستی سلێمانی".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری