Skip to the content

نەخشەسازیی نوێ بۆ بینای قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "نەخشەسازیی نوێ بۆ بینای قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن دەکرێت".

ئەمڕۆ یەکشەممە (1 ی ئەیلوولی 2024)، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بە نەخشەی بیناسازیی ناوەندەکانی خوێندندا دەچینەوە و ئەوەش قوتابخانە 12 و 18 پۆلییەکان دەگرێتەوە".

وەزیری پەروەردە گوتیشی: "لەمەودوا هەموو ئەو ناوەندانەی خوێندن، بە دیزانێکی نوێ دروست دەکرێن، کە سێتێکی تەواوی بیناسازی ئامادە کراوە و بە وردی لێی کۆڵراوەتەوە و لایەنە جیاوازەکانی لەبەرچاو گیراوە. هاوکات هەر وەبەرهێن و لایەنێکی کەرتی تایبەت دەتوانن سوود لەو نەخشەسازییە ببینن کە ئامادەمان کردووە".

ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوە دا، "وەزارەتی پەروەردە هەنگاوی گرنگی لە کەرتی پەروەردە ناوە، وەکوو دامەزراندنی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ، 5 هەزار و 88 مامۆستا لە گرێبەستەوە کراونەتە هەمیشەیی؛ هەروەها لەم کابینەیەدا وەرچەرخانێکی گرنگ لە بواری بەدیجیتاڵیکردنی کەرتی پەروەردە کراوە؛ ئەمە کارگێڕیی پەروەردەشی گرتووەتەوە، جگە لە بەرنامەی خوێندن و بڕوانامەکان".

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، گرنگی داوە بە ڕاهێنانی مامۆستایان، هەڵسەنگاندنی مامۆستا و بەڕێوەبەران، گرنگیدان بە منداڵانی خاوەنپێداویستیی تایبەت، خوێندنی 60 هەزار قوتابیی پەنابەر، هاوکات ڕێژەی نەخوێندەواری 8٪ کەم کردووەتەوە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری