Skip to the content

گوتەبێژی حکومەتی هەرێم: لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لێکتێگەیشتنی باش هەبوو

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەکانی حکومەتی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "وردەکارییەکان باس کران و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەردوولا بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان هەیە."

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا، پرسەکانی دارایی، هەژماری من و نەوت، باس کران. تیمی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەی دوو ڕۆژدا چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ شاندەکەی عێراق ئەنجام داوە، وردەکاری و ڕوونکردنەوەی تەواویان لەسەر پرۆژەی هەژماری من، کێشەی مووچە و پرسی نەوت بە شاندەکەی عێراق داوە.

گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەو کۆبوونەوانە دەکات و بە پیادەکردنی مافی دەستووریی خۆی و مانەوەی لە ڕێککەوتنی کۆمپانیاکانی نەوت، ئامادەیە بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا."

لەبارەی کێشەی نەناردنی ۲٤٠ ملیار دیناری مووچەی هەرێمی کوردستان، گوتی: شاندەکەی عێراق بە هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاندووە، بەهۆی گومان لە بوونی چەند مووچەخۆرێکی هاوبەش لە میلاکی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پرۆسەی وردبینی کاتی خایاندووە، ئەنجامەکان ئەرێنی بوون و هیچ گرفتێک لە بەردەم ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان نەماوە.

ڕاشیگەیاند "شاندی هەرێمی کوردستان و شاندی عێراق هاوڕان لەسەر چارەسەرکردنی گرفتەکان بە ڕێگەی دانوستان، پێیان وایە دەرەنجامی گفتوگۆکان ئەرێنی دەبن."

ڕۆژی چواشەممە (۲٥ی ئەیلوولی ۲٠۲٤)، شاندی دارایی پەرلەمانی عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ شاندی دارایی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر کێشەکانی هەردوولا کرد.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری