Skip to the content

قۆناغی یەكەمی نۆژەنكردنەوەی شوێنەواری پەرستگەی چوارستوون لە دهۆک تەواو كرا

بۆ ماوەی دوو ساڵە پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی ئەشکەوتی چوارستوون (چارستین) بەردەوامە و قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە كۆتایی هاتووە.
قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە نزیكەی ملیۆنێك دۆلاری تێچووە و بە هاوبەشی لەنێوان یەکێتیی ئەورووپا و یونسكۆ و ڕێكخراوی ILO و حكومەتی هەرێمی كوردستان تەرخان کراوە.
ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەکی گەشتوگوزاری و شوێنەواریی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بۆ پارێزگای دهۆك، كە جگە لە نۆژەنكردنەوەی، ڕێگەی نوێی بۆ دروست دەكرێت و ڕووناكی و ئاو و زیادكردنی سەوزایی و كامێرای بۆ دادەنرێت، لە ئاییندەیەکی نزیکیشدا دەست بە قۆناغی دووەمی نۆژەنکردنەوەکە دەکرێت.
ئەشكەوتەكە دەکەوێتە گەلی دهۆک و خوار بەنداوی دهۆك، شوێنەوارێكە مێژووەكەی بۆ سەدان ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، پانتاییەكەی 6 هەزار مەتر چوارگۆشەیە.
چوارستوون شوێنێكی پیرۆز بووە بۆ زەردەشتییەکان، ناوەکەی لە چوار توخمی سەرەكی و پیرۆزی ئایینی زەردەشتییەوە هاتووە كە بریتین لە: ئاگر، خاک، ئاو و هەوا؛ لە سەردەمێكیشیدا جێگەی كۆبوونەوەی زەردەشتییەكان بووە و تێیدا سرووتە ئایینییەكان جێبەجێ كراون و "شەرابی پیرۆز"ـیان تێدا بەرهەم هێناوە.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری