حكومەتی هەرێمی كوردستان داوایەكی یاسایی نێودەوڵەتیی بردەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دۆسیەی ناوبژیوانی دژی کۆمپانیای (گەنێل ئینێرجی میران بینا باوی لیمیتەد -GEMBBL) سەركەوت و قەرەبووی بەرچاوی تێچووی یاساییی دەکرێتەوە.
بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی لەندەن دوای بڕیاری پێشووتری دادگای ناوبژیوانی دێت کە لە کانوونی دووەمی 2024دا، دادگاکە بڕیاری دابوو کە حکومەت بە شێوەیەکی ڕەوا PSCی بیناباوی و میرانی هەڵوەشاندووەتەوە و هەموو داواکارییەکانی کۆمپانیای گەنێل ئینێرجی میران بیناباوی لیمیتەدی لە دژی حکومەت ڕەت کردەوە.
لە ڕۆژی هەینی 4ی نیسانی 2025، دادگای ناوبژیوانی بڕیاری کۆتایی خۆی سەبارەت بە تێچوونەکان دەرکرد، کە تێیدا بڕیاری دا کۆمپانیای گەنێل ئینێرجی میران بیناباوی لیمیتەد بڕی 26,868,905.29$ دۆلاری ئەمریکی وەكوو قەرەبوو بدات بە حکومەت، لەگەڵ سوودی دوای بڕیارەکە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2021 گرێبەستی پەرەپێدانی هەردوو کێڵگەی (میران و بیناباوی)ی لەگەڵ كۆمپانیاكە هەڵوەشاندەوە، دوای ئەوەی کۆمپانیاکە نەیتوانی گرێبەستەکان وەک خۆی جێبەجێ بکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری