Skip to the content

سێیەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی کوردستان بەڕێوە چوو

ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، سێیەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی بە بەشداریی وەزیرانی پەروەردەی عێراق و هەرێمی کوردستان و چەند وەزیرێکی دیکەی حکومەت و مامۆستایان و پسپۆڕانی پەروەردەیی لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

ئامانجی کۆڕبەندەکە کەڵکوەرگرتنە لە تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا؛ کە ئامرازێکی گرنگە لە پلاتفۆرمەکە و قوتابییان سوودی لێدەبینن.

هاوکات پرۆژەی (قوتابخانەکەم) لە کۆڕبەندەکە ڕاگەیەندرا کە پلاتفۆڕمێکی دیجیتاڵییە بۆ فێرکردن بۆ پۆلی یەکەم، دووەم و سێیەم، کە تێیدا سوود لە زیرەکیی دەستکرد (AI) وەرگیراوە، ئەمەش ئا
ئاماژەی گرنگیدانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بە سوودوەرگرتن لە بواری پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا.

زوهێر محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "پرۆژەی قوتابخانەکەم چەندین ڤیدیۆ و چالاکی هەموو وانەکانی خوێندنی پۆلی یەکەم، دووەم و سێیەمی بنەڕەتی تێدایە، تێکەڵکردنی زیرەکیی دەستکردە و لە قوتابخانەکان سوودی لێوەردەگیرێت".

سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەدە، گوتی: "لە کۆڕبەندەکەدا ئەمڕۆ سێ پانێڵ بەڕێوە چوون، بە بەشداریی ژمارەیەک لە پانێڵیست و ڕۆژی دواتر دووپانێڵی تر هەن و دواتر کۆتایی بە کارەکانی کۆڕبەندەکە دێت، شایانی باسە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار قوتابییانیش بەشداری دەکەن بە بۆچوون و بیرکردنەوەکانیان، بۆیە پانێڵێک تەرخان کراوە بۆ قوتابییان لە هەرێمی کوردستان، ئەوانیش بۆچوونی خۆیان بۆ تەکنەلۆجیا و گۆڕانکارییەکانی سەردەم و زیرەکیی دەستکرد دەخەنە ڕوو".

کۆڕبەند ڕاسپاردە و پێشنیاز دەداتە وەزارەتی پەروەردە و لە ئاییندەدا دەبێتە بنەمایەک بۆ پێشخستنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن.

جێگیرکردنی سیستمی دیجیتاڵی لە وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان، یەکێک بووە لە ستراتیجەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری