Skip to the content

لە كابینەی نۆیەمدا 52 کێڵگە بە تەواوی لە مین پاک كراونەتەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان كراونەوە

لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان و پاراستنی سروشت و ژینگەی كوردستان، حکومەتی هەرێم، لە کابینەی نۆیەم، کارێکی بەرچاوی بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی بە مین و تەقەمەنییەکان چێنراون، ئەنجام داوە.
دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، توانیویەتی زیاتر لە 11 ملیۆن و 373 هەزار و 50 مەتردووجا زەوی لە مین پاک بکاتەوە.
ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی کە 52 کێڵگەی مین بە تەواوی پاک بکرێنەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێنەوە، كە کاریگەرییەکی ئەرێنیی گەورەی لەسەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی ئەو ناوچانە هەبووە.
لە ڕووی لەناوبردنی مین و تەقەمەنیشەوە، تیمەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین، سەرکەوتوو بوون لە لەناوبردنی زیاتر لە 20 هەزار و 856 مین و هەروەها زیاتر لە 125 هەزار و 627 پارچەتەقەمەنیی دیكەی پاشماوەی جەنگ، کە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بوون لەسەر سەلامەتیی خەڵک.
لە ئێستادا، دەزگای گشتیی کاروباری مین هەڵمەتێکی چڕی هۆشیارکردنەوەی دەست پێکردووە بۆ گەیاندنی پەیامەکانی مەترسیی مین و تەقەمەنی بە هاووڵاتییان. تیمەکانی هۆشیاریی ڕۆژانە لە گەرمیانەوە تاوەکوو زاخۆ، سەردانی ناوچە سنوورییەکان و ئەو ناوچانە دەکەن، کە لە نزیک کێڵگە مینەکانن، بۆ ئەوەی زانیاریی پێویست بە خەڵک بگەیەنن و ڕێنماییان بکەن، كە چۆن خۆیان بپارێزن.
بە مەبەستی پاراستنی گیان و سەلامەتییان، داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەین، لە کاتی بینینی مین و تەقەمەنی، یان لە حاڵەتی هەبوونی هەر مەترسییەک، بەپەلە پەیوەندی بە ژمارە (182) بکەن. ئەم ژمارەیە هێڵی گەرمی تایبەت بە دەزگای گشتیی کاروباری مینە و دەتوانن بێبەرانبەر پەیوەندی پێوە بکەن و دەزگاکەی لێ ئاگادار بکەنەوە.



فەرمانگەی میدیا و زانیاری