گوتەبێژی حکومەتی هەرێم هاوخەمی و پشتیوانیی سەرۆکی حکومەتی گەیاندە پارێزگای هەڵەبجە

دوای ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای هەڵەبجە، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی 8ی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێم، وەکوو نوێنەری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم گەیشتە پارێزگای هەڵەبجە.
لە سەردانەکەدا پێشەوا هەورامانی، سەرەخۆشی و هاوخەمیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە خانەوادەی هەردوو شەهیدەکەی ڕووداوی ئاگرەکەی پارێزگاکە گەیاند و پشتیوانیی مەسرور بارزانیی بۆ هەموو هاوکارییەکی خەڵکی پارێزگاکە ڕاگەیاند.
نوێنەری سەرۆکی حکومەت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەل پارێزگاری هەڵەبجە گوتی: "ئەمڕۆ هاتووینەتە پارێزگای هەڵەبجە، پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشیی مەسرور بارزانی، بە خانەوادەی هەر دوو شەهیدەکەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هەڵەبجە بگەیەنم".
گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران، لە سەرەتای ڕووداوەکەی هەڵەبجە بەپەرۆشەوە لەسەر هێڵ بوو".
ڕوونیشی کردەوە: "وەزیری ناوخۆ لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە لەسەر هێڵ بوو بۆ ئەوەی هەموو پێداویستییەک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی هەڵەبجە دابین بکرێ".
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی هەڵەبجەیە و پاڵپشتی پارێزگار و هەروەها ئەو خۆبەخشانەیە کە هاوکار بوون، تیمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرگری و فریاکەوتن و ئەوانەی کە خۆیان خستە ناڕەحەتی و سەختییەوە بۆ ئەوەی ئەم ئاگرە زیاتر پەرە نەستێنێ و کۆنترۆڵ بکرێت".
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند: "دوای سێ ڕۆژ بە هاوکاریی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، بەرگریی شارستانی و هاووڵاتییانی خۆبەخشی دەڤەرەکە، توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام بەپێی خەمڵاندنی سەرەتایی زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم زەوی سووتاوە".
گوتیشی: "لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوان لیژنەیەک دروست دەکەین و نووسراو دەکەین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ قەرەبووکردنەوەی تەواوی ئەو کەسانەی کە زەرەرمەندی ئەم ڕووداوە بوون".
شەوی 17 بۆ 18ـی ئابی 2025، ئاگر لە پوش و پاوانی گوندی چنار و مۆردینی سەر بە هەڵەبجە کەوتەوە، بەهۆیەوە گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ، لەگەڵ پۆلیسێکی بەرگریی شارستانیی گیانیان لەدەست دا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەر دوای ڕووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە، هەموو پشتیوانی و هاوکارییەکی دامودەزگاکانی حکومەتی بۆ پارێزگاکە ڕاگەیاند.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری