Skip to the content

قەڵا و منارە بە سیمایەکی نوێوە دەبنە سەنتەرێکی گرنگی گەشتیاری

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی میراتی کەلەپووری و مێژوویی، کارکردن لە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەوامە و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا منارەی چۆلی دەست بە نۆژەنكردنەوەی دەكرێت، ئەم دوو شوێنەوارە دێرینەی پایتەختی هەرێمی کوردستان، ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە سیمای ڕەسەنی خۆیان بکەن و ببنە ناوەندێکی سەرەنجڕاکێشتر بۆ گەشتیاران.

قەڵای هەولێر؛ پاراستنی ڕەسەنایەتی و کردنەوەی بە ڕووی گەشتیاراندا
قەڵای هەولێر، کۆنترین شوێنەواری زیندووی جیهانە لە لیستی میراتی یونسکۆ، لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ دەکرێت. پرۆژەکە بەپێی ستانداردە جیهانییەکانی بواری شوێنەوار و کەلەپوور جێبەجێ دەكرێت، بەجۆرێک کە سیمای ڕەسەنی قەڵا و خانوو و کۆڵانەکانی بە پارێزراوی بمێنێتەوە.
بە سەرپەرشتیی کۆمسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر و لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، چەندین کاری گرنگی بۆ ئەنجام دراوە، لەوانە: نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی مێژوویی قەڵاكە و بەردڕێژکردنی کۆڵانەکانی ناوقەڵا بە شێوازێکی کولتووریی تایبەت، كە لە ئێستادا %95ی كارەكانی تەواو كراون. هەروەها بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریکردن لە ڕووخان و تێکچوونی دیوار و خانووە کۆنەکان، خاڵی سەلامەتی دروست كراوە و سیستەمی ڕووناکی بۆ ناوەوە و دەرەوەی قەڵا و ژوورە نۆژەنکراوەکانیش دانراوە، هاوكات دروستکردنی مۆزەخانەی منداڵان وەک بەشێکی نوێ و زیندوو لەناو قەڵادا دەكرێتەوە.
قەڵای هەولێر، رووبەرەکەی ١١٠ هەزار مەتر دووجایە و لە ٥٠٦ خانوو پێک هاتووە، بریارە لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکەدا چایخانەیەکی کولتووری و چێشتخانە و هۆتێلێكیش لە قەڵا دروست بکرێن بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە دەرگای پێشوازی بەڕووی گەشتیاراندا بکرێتەوە.

منارەی چۆلی؛ وەک میراتێکی مێژوویی دەپارێزرێت
منارەی چۆلی، بەرزییەکەی 37 مەترە و یەکێکە لە شوێنەوارە هەرە ناسراوەکانی كوردستان. بە مەبەستی پاراستنی ئەم میراتە مێژووییە، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بە نۆژەنکردنەوەی بکرێت.
پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی منارەی چۆلی، بە گۆڕینی شوورای دەوروبەری، پڕکردنەوەی کەلێنەکان و دانانی کامێرای چاودێری دەست پێدەکات، هاوکات، سەرجەم ئەو هۆکارانەی، کە ئەگەری مەترسین بۆ منارەکە لە دەوروبەری لادەبرێن.
ئەم پرۆژەیە، منارەکە دەکاتە ناوچەیەکی شوێنەواریی گەشتیاری، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی لە تێکچوون و ناساندنی زیاتری بە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری