كابینەی نۆیەم لە بەهێزكردنی ئاسایشی ئاو بەردەوامە؛ 8 بەنداو و دەیان پۆند و پرۆژە

گرنگیدان بە ئاسایشی ئاو یەکێک بووە لە کارە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین بەنداو و پۆندی نوێ و پرۆژەی ئاوی پاك دروست کراون.
لە کابینەی نۆیەمدا 8 بەنداو دروست کراون و چەندین بەنداوی تر لە دروستکردندان؛ کە دەتوانن زیاتر لە 250 ملیۆن مەترسێجا ئاو گل بدەنەوە، جگە لە بەنداوەکان، 23 پۆند دروست کراون و 58 پۆندی دیکەش لە دروستکردندان.
هاوكات چەندین پرۆژەی گرنگ بۆ دابینکردنی ئاوی پاک جێبەجێ دەکرێن، ئەو پڕۆژانەش بۆ دەیان ساڵ کێشەی ئاو لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بنبڕ دەکەن كە گرنگترینیان پرۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێرە.
جگە لەوەی پۆند و بەنداوەکان ئاو گل دەدەنەوە و بۆ پاراوكردنەوەی ئاوی ژێرزەوی سوودیان دەبێ، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاودێری و گەشتیاری و چەندین بواری تر سوود بە كوردستان دەگەیەنن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری