Skip to the content

لە هەفتەبازاڕی کشتوکاڵیی هەڵەبجە بەروبوومی خۆماڵیی پارێزگاکە بەبازاڕ دەکرێن

بۆ پشتگیریکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی و جووتیاران، هەفتەبازاڕی کشتوکاڵی لە پارێزگای هەڵەبجە کرایەوە و ڕۆژانی هەینی جووتیاران و کڕیاران لەو هەفتەبازاڕەدا پێک دەگەن.

لەم هەفتەبازاڕەدا بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکانی هەڵەبجە بەردەستن، کە لەم وەرزەدا پێگەیشتوون و خەڵک خواستی لەسەریان هەیە.

ئامانجی هەفتەبازاڕەکە بریتین لە: پشتگیری لە جووتیارانی ناوچەکە، دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمی تازە و تەندروست، نرخی گونجاو بۆ خەڵک و جوتیاران، بەهێزکردنی ئابووریی ناوچەیی و ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران.

سومەییە نووری، سەرپەرشتی هەفتەبازاڕەکە، دەڵێ: "ئەم هەفتەبازاڕە کە تەنیا هەینییان هەیە، دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ساغکردنەوەی بەربوومەکان، لەم چوارچێوەیەشدا داهاتێکی باش بۆ جووتیاران وەدەست هاتووە".

جووتیارێکی بەشداریش دەڵێ: "بەیانیان زوو، دەچین بامیە و تەماتە و بیبەر و هەنجیر و هەڵووژە و هەنار دێنین و لێرە دەیانفرۆشین، بەمەش داهاتێکی باشمان دەست دەکەوێت".

بڕیارە ڕۆژانی هەینی تا بەردەوامیی بەرهەمی هاوینە، فێستیڤاڵەکە بەردەوام بێت.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری