ڕێگای نوێی گۆمەسپان-سماقوڵی بەمزووانە دەکرێتەوە

بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و گەشتیاری، پرۆژەی ڕێگای ستراتیژیی گۆمەسپان-سماقوڵی، کە یەکێکە لە پرۆژە گرنگەكانی ناوچەکە، لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و بەمزووانە بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.
ئەم پرۆژەیە درێژییەکەی 22 کیلۆمەترە، بە ستانداردێکی بەرز. كە پانیی هەر ئاراستەیەکی 10 مەترە و دوو ڕێڕەوی هاتوچۆ لەخۆ دەگرێت. تێچووی پرۆژەکە نزیکەی 210 ملیار دینارە و بە هێزی کار و دەستی خۆماڵی جێبەجێ دەكرێت.
لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا، ژمارەیەک بنیادی ئەندازەیی گرنگ دروست کراون، لەوانە: شەش ژێرپرد، سێ بەرزەپرد، 70 ئاوبەری سندووقی، هەروەها دیواری پاڵپشت و پەرژین و تەواوی هێماکانی هاتوچۆ بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دانراون.
ڕێگاکە بە سێ چین قیرتاو کراوە و نزیکەی 300 هەزار تۆن قیر بەکار هێنراوە، کە چینی کۆتایی ماددەی پۆلیمەری تێدا بەكار هێنراوە، ئەمەش بۆ دڵنیابوونە لە بەردەوامی و خۆڕاگریی ڕێگاکە.
جێگای ئاماژەیە لەم پرۆژەیەدا، 600 ئامێری جۆراوجۆر و 2000 کارمەند و کرێکاری خۆماڵی تێیدا بەشدارن، ئەمەش ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە دابینکردنی هەلی کار و پەرەپێدانی توانای كارمەندی ناوخۆیی.
یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ڕێگایە ئەوەیە، کە بە دەوری بەنداوی گۆمەسپان دەسوڕێتەوە و لە ئاییندەدا دەبێتە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییە گرنگەکانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش سوودێکی زۆری بۆ بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری دەبێت.
لە ئێستادا، 90% کارەکانی پرۆژەکە تەواو بووە و بەم زووانە ڕێگاکە بەڕووی شۆفێران دەکرێتەوە، کە سوودێکی زۆری دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتیی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاستەنگەكانی بەردەم شۆفێران لە ڕێگاكەدا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری