بەنداوى باوەنوور وەکوو سێیەم گەورەترین بەنداو لەڕووی بەرهەمهێنانی کارەباوە دروست دەکرێت
پرۆژەی بەنداوی باوەنوور یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەدەست و کاری ناوخۆیی بنیاد دەنرێت.
بەنداوی باوەنوور لە جۆری خاکییە و درێژییەکەی 880 مەتر و بەرزییەکەی 20 مەترە، پانیی لوتکەکەشی 9 مەترە؛ گوژمەی پرۆژەکەش 245 ملیار دینارە و وا بڕیارە لە ساڵی 2028 سەرجەم کارەکانی تەواو بکرێت. هەروەها توانای بەرهەمهێنانی کارەبای هەیە بە بڕی 34 مێگاوات، ئەمەش وا دەکات ببێتە سێیەم گەورەترین سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەبای ئاوی، لە دوای هەر دوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان.
ئەم بەنداوە بە تەواوبوونی، گرنگیەکی زۆری بۆ هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی گەرمیان هەیە، لەوانە:
- ڕووبەرێکی زۆر لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لە مەترسیی بەبیابانبوون دەپارێزێت.
- بووژانەوەی دەیان هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی.
- پاراستنی ئاسایشی ئاو بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
- زیادبوونی سامانی ماسی.
- بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 34 مێگاوات و بەستنەوەی بە هێڵی کارەبای نیشتمانی.
- کۆگاکردنی ئاو بە بڕی 30 ملیۆن مەتر سێجا.
- بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی.
- گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکە.
هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی گەرمیان و دەوروبەری بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە دڵخۆشن و پێیان وایە کە ئەم بەنداوە سوودی زۆری بۆیان دەبێت و جگە لە سوودی بۆ سامانی ماسی، دەتوانن لە کۆگاکردنی ئاو لەم بەنداوە، کارە ئاودێرییەکانیان پەرە پێبدەن و بە تانکەر ئاو لەم بەنداوەوە بگوازنەوە بۆ شوێنی دیکە.
ئەم بەنداوە لە ئێستادا لە ژێر جێبەجێکردندایە و کارەکانی بەشێوەیەکی خێرا بەرەوپێش دەچن. پڕۆژەکە لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵ، تەواوی کارەکانی جێبەجێ دەکرێت و بڕیاریشە بەر لە وادەی خۆی، کارکردن لە پڕۆژەکە بەکۆتا بێت و بکەوێتە خزمەت خەڵکی هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری