قۆناغی دووەمی چاکسازیی پۆلیسی کوردستان دەست پێدەکرێت
وەزارەتی ناوخۆ خولی پێگەیاندن و ئامادەکردنی 300 ئەفسەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکات.
ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی ئاراستەکردن و ڕێنمایی مەعنەوی لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕیفۆرمی پۆلیسی کوردستان، ڕاهێنان بۆ 300 ئەفسەری بنکە و دامەزراوەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە کۆلێژی پۆلیسی هەولێر بەڕێوە دەبەن.
ئەمە قۆناغی دووەمی پێگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیە دوای پێگەیاندن و ڕاهێنانی ڕاهێنەرانی کولتووری چەمکی شین، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و کوردستان EUAM.
پڕۆژەی چاکسازیی پۆلیسی کوردستان، پرۆژەیەکی نیشتمانیی وەزارەتی ناوخۆیە لە سەرتاسەری کوردستان و لە تشرینی یەکەمی 2025 لەلایەن بوەزیری ناوخۆ پەسەند کراوە.
ئامانجی ئەم پرۆژەیە، داڕشتنی ستراتیژی پۆلیسی کوردستان (٢٠٢٥ -٢٠٣٠) و دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیکەر و کاری پۆلیسی کوردستانە بە ستاندارێکی سەردەمیانە، هاوکات ئامادەکردنی ئەفسەرانی پۆلیسە بۆ قۆناغی سەرکردایەتیکردنی پرۆسەی چاکسازی لەپێناو بەهێزکردنی پەوەندیی نێوان خەڵک و پۆلیس "گۆڕینی کولتووری هێزە بۆ ڕێز"، پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان پۆلیسی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری