ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "هەواڵ و میدیا" لە پلەی دووەمی عێراقدایە
بەپێی نوێترین پۆلێنکردنی ماڵپەڕی جیهانیی (SimilarWeb) بۆ شیکاریی داتای ئینتەرنێت، ماڵپەڕی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان (gov.krd) پلەی دووەمی لەسەر ئاستی عێراق لە بەشی "هەواڵ و میدیا" تۆمار کردووە.
بەگوێرەی شیکارییەکان، پێشکەوتنی ماڵپەڕی فەرمیی حکومەت، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتییان و حکومەت، ئەمەش لەسەر چەند پایەیەکی سەرەکی وەستاوە، لەوانە ماڵپەڕی (gov.krd) توانیویەتی وەک "سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری و داتا فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لای هاووڵاتییان و میدیا و میدیاكاران خۆی جێگیر بکات، بەو پێیەی بۆ دڵنیابوونەوە لە هەواڵەکان و بڕیارەکان، ڕوو لە پێگەی فەرمیی حكومەت دەکەن، چ لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی لینك و زانیارییەكان لە سەكۆكانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، یان لە ڕێگەی گەڕان و كردنەوەی (gov.krd)، ئەمەش وای کردووە ئاستی "سەردانكردنی ماڵپەڕەکە بەو شێوەیە بەرز بێتەوە.
لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، پێگەی فەرمیی حكومەت بووەتە سەکۆیەکی میدیایی یەکگرتوو؛ ماڵپەڕی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستە نەبەستراوەكان بە وەزارەت و چەند دامودەزگای دیكەی حكومەت، لەناویدا كۆ كراونەتەوە و لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە بەڕێوە دەبرێن.
پێگەی فەرمیی حكومەت، جگە لەوەی بەشێوەیەكی بەردەوام و ڕۆژانە، ناوەڕۆک بە زمانەکانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) پێشكەش دەكات، هەروەها بڕیارەكان و ڕاپۆرتی داتا و كار و چالاكیی سەرجەم دامودەزگاكانی حكومەت لەخۆ دەگرێت، هاوكات خزمەت و ڕێنماییەكان پێشكەش دەكات، كە كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان دەكات تا كاروبار و مامەڵەكانیان ئەنجام بدەن.
ئەم پۆلێنکردنەی (SimilarWeb) سەلمێنەری ئەوەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی گەورەی لە بواری گۆڕانی دیجیتاڵیدا ناوە و توانیویەتی پردێکی پەیوەندیی ڕوون و متمانەپێکراو لەگەڵ هاووڵاتییان، میدیا، میدیاكاران، توێژەران و ئەكادیمستان درووست بکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری