ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەكات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ی 2ی 2025 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت كۆ دەبێتەوە و سێ بڕگە گفتوگۆ دەكات.
لە بڕگەی یەكەمدا پوختەی بەشداریی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لوتكەی جیهانیی حكومەتەكان، كە لە دوبەی لە ڕۆژانی (11-13)ی شوبات بەڕێوە چوو، دەخرێتە ڕوو.
لە بڕگەی دووەمدا ڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی تایبەت بە یەكخستنی ڕێكارەكانی كوالیتیی كۆنترۆل و پۆلێنكردنی بەڵێندەران وەكوو یەكێك لە دەرەنجانەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی هەرێم و فیدڕاڵ گفتوگۆ دەكرێت.
لە بڕگەی سێیەمدا دەرەنجامی كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە هەولێر لە ڕۆژی 18ی 2ی 2025 تایبەت بە ڕێكار و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی یاسای هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكرێ.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری