Skip to the content

لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان لە 15% ـەوە بووەتە 18%

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا کابینەی نۆیەم چەندین هەنگاوی گرنگی لەپێناو پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ناوە، هەوڵەکانیش بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و پاك بەردەوامن.

لە پێنج ساڵی ڕابردوو 14 هەزار و 390 مۆڵەتی ژینگەیی بە پرۆژەکان دراوە، زیاتر لە 25 هەزار پرۆژە بەدواداچوونی ژینگەییان بۆ کراوە کە تاچەند پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەکان بوونە، هەر پرۆژەیەکیش پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەکان نەبووبن ڕووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
لە دوایین هەنگاویشدا لەژێر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم ئەو پاڵاوتگە نایاساییانەی کە مەرجە ژینگەییەکانیانیان تێدا نییە، ڕاستەوخۆ دادەخرێن و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان هەوڵ دەدات ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان پتەوتر بکات؛ لەپێناو پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و پەرەپێدانی زیاتر بە کاری کشتوکاڵی، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەی کابینەی نۆیەم کارکردن لە دروستکردنی 8 بەنداو بەکۆتا هاتووە و ژمارەیەک بەنداوی دیکەش لە قۆناغی دروستکردندان.

هەروەها پێویستە سەرجەم پڕۆژەکان بەلایەنی کەم%25ـی زەوییەکانیان بکەن بە سەوزایی و ئەو پڕۆژانەی کە ئاو زۆر بەکار دێنن، دەبێت یەکەی چارەسەرکردنی ئاوی قورس لە پرۆژەکانیان دابنێن.

جگە لەمانەش سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دووکەڵ و گازی ژەهراوی بەنێو هەوادا بڵاو دەکەنەوە، سەرجەم ئەو کارگانەش کە دۆستی ژینگە نین سزا دەدرێن، تا ئەو کاتەی پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەکان دەبن.

ئەو هەوڵانەی کابینەی نۆیەم لە بواری پاراستنی ژینگە بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی لە 15%ـەوە بۆ زیاتر لە 18%.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری