Skip to the content

گەشتی ڕاستەوخۆ لە هەولێرەوە بۆ یۆنان و بەپێچەوانەوە دەستی پێکرد

یەکەمین گەشتی ڕاستەوخۆ لە هەولێرەوە بۆ ئەسینای پایتەختی یۆنان و بەپێچەوانەوە دەستی پێکرد.

ئەمڕۆ یەكشەممە 2025/2/23 بە ئامادەبوونی نیکۆلاس سترینگولس، کونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان و ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، یەکەمین گەشتی ڕاستەوخۆ لە هەولێر بۆ ئەسینا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستی پێکرد.

ناوبراوان لە گوتەکانیاندا باسیان لە گرنگیی هاتنی هێڵی ئاسمانیی ئەجیان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کرد؛ هەروەها جەختیان لە بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییەکان کردەوە، کە دەکرێت لە ڕێگای ئەم پەیوەندییانەوە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و ببێتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکە و ئەورووپا، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە.

لە ئێستادا هەفتانە دوو گەشتی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەولێر بۆ ئەسینا و بە پێچەوانەوە هەیە؛ لە داهاتووشدا ژمارەی گەشتەکان زیاتر دەبێت، ئەمەش لەپێناو زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری