ئەندازەی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان هاوتا دەکرێ
لە ساڵی 2024 زیاتر لە 286 کیلۆمەتر شەقام و ڕێگا هێلکاریی هاتووچۆیان بۆ کراوە و سیستەمی ئەندازەی هاتووچۆش لە هەرێمی کوردستان ڕێک دەخرێتەوە و هاوتا دەکرێت لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان.
لە ساڵی 2024 تیمەکانی ئەندازەی هاتووچۆ زیاتر لە 286 کیلۆمەتر ڕێگا و شەقامی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و 6743 هێمای هاتووچۆیان نۆژەن کردووەتەوە و 6677 فسفۆڕی پلاستیکی و 3027 تاسەی پلاستیکییان داناوە و 219 ترافیکلایتیان چاک کردووەتەوە، هەروەها هەر لە 2024ـدا 5200 مەتردووجا پەرژینی ئاسنینیان بۆ شەقام و ڕێگاکان داناوە.
سەبارەت بە پلانی ساڵی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی هاتووچۆ، بڕیارە پەیکەری کارگێریی ئەندازەی هاتووچۆ لە سەرجەم شار و ئیدارە سەربەخۆکان ڕێک بخاتەوە، هەروەها کار بۆ دابینکردنی ئامێری تایبەت بە شوشتنی بۆیاغ و هەڵگرتنەوەی بۆیاغی کۆنی سەر شەقامەکان دەکەن.
بڕیاریشە تایبەتمەندییەکانی کارەکانی ئەندازەی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان یەک بخرێتەوە و هاوتا بکرێت لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان، کە ڕۆڵی دەبێت لە ڕووی یەکخستنی ڕەنگ و بەرزکردنەوەی کوالێتیی کارەکان و زیاتر پاراستنی شۆفێران لە ڕێگاوبانەکان.
تیمەکانی ئەندازەی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای کابینەی نۆوە بە ستافێکی خۆماڵی پرۆسەی هێلکاریکردنی شەقام و ڕێگاکانیان دەست پێکردووە کە پێشووتر لەلایەن کۆمپانیای بیانییەوە ئەنجام دەدرا. لە ئێستاشدا بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان پلانیان داناوە کاری گۆڕین و دانانی پەرژینی سەر ڕێگا و شەقامەکان ئەنجام بدەن لە ڕێگەی دەستی کاری ناوخۆییەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری