Skip to the content

رۆژانە پێنج هەزار کەس كار لە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر دەكەن و بە تەواوبوونیشی هەزار بیری ئاو دەکوژێندرێتەوە

کارکردن لە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بەردەوامە، تاکوو ئێستا نزیکەی ٥٠٪ـی کارەکانی تەواوبووە و بڕیاریشە لە هاوینی داهاتوو پرۆژەکە ١٠٠٪ تەواو ببێت و کێشەی ئاو لە هەولێر بە تەواوی چارەسەر بکرێت.

لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لە هەولێر، رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر رایگەیاند: "پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر نزیکەی ٥٠٪ـی کارەکانی تەواوبووە و بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیەش کێشەی ئاو بۆ دەیان ساڵ لە هەولێر بنەبڕ دەکرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا ئەو پڕۆژەیە توانای هەیە لە یەک کاتژمێردا ٢٠ هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات، کە دەکاتە ٦٠٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و ٤٠٪ـکەی دیکەش لە رێگەی هەر سێ پرۆژەی ئیفراز یەک،دوو، سێ دابین دەکرێت".
لەبارەی کارکردن لە پرۆژەکە ئیسماعیل بارزانی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر رایگەیاند: "رۆژانە پێنج هەزار کەس بە شێوەی بەردەوامی 24 كاتژمێریی لەو ئەو پڕۆژەیەدا كار دەکەن و لە ئێستادا قۆناغەکانی راکێشانی بۆڕی بۆ گەڕەکەکانی هەولێر دەستی پێکردووە، ئاماژەی بەوەش کرد کوالێتیی ئەو کەرستانەی لە پڕۆژەکە بەکارهێندراون لە ئاستێکی زۆر بەرزە و لە هاوینی داهاتوودا کارکردن لەو پڕۆژەیە بە کۆتا دێت".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری