قۆناغی یەکەمی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بەر لە وادەی خۆی تەواو کرا

بۆ چارەسەرکردنی کەمیی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر، پارساڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێری دانا و بە ماوەی کەمتر لە ساڵێک تەواو کرا.
تێچووی پرۆژەکە 480 ملیۆن دۆلار بوو و لە کاتژمێرێکدا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکات.
پێشتر سەرچاوەی ئاوی پاک لە هەرسێ پرۆژەی ئیفراز (1 و 2 و 3) 10 هەزار مەتر سێجا بوو، بەڵام ئەو پرۆژە دووبەرامبەری ئەو سێ پرۆژەیە بەرهەمی ئاوی هەیە و تا 30 ساڵی ئاییندە کێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەکات، هاوکات لەم پرۆژەیەدا ڕەچاوی فراوانبوونی شاری هەولێر و زیادبوونی خواست لەسەر ئاو لە ئاییندەدا کراوە.
قۆناغی یەکەم و تەواوبووی پرۆژەکە 10 هەزار مەتر سێجایە، دوای فلتەرکردن و پاککردنەوەی بە ستانداردی نێودەوڵەتی، ئاو بۆ 20 گەڕەکی هەولێر دەگوازێتەوە و ئاوی پاک دابین دەکات.
پرۆژەکە بە کەمتر لە کاتی دیاریکراو و بە کۆمپانیا و دەستی کاری خۆماڵی جێبەجێ کرا، بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ قۆناغی دووەم تەواو ببێت و ئاو بگەیەنێتە گەڕەکەکانی هەولێر.
لە کابینەی نۆیەم چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژیی ئاو جێبەجێ دەکرێن کە کێشەی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری