Skip to the content

ماستەرپلانی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەست پێدەکات

بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماستەرپلانی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەست پێدەکات.

ماستەرپلانەکە سەرەتا لە هاوینەهەواری بێخاڵ دەبێت، کە بە دیزاینکردنەوەی هاوینەهەواری بێخاڵ بە ستانداردێکی جیهانی و مۆدێرن، لە بواری گەشتیاری جێبەجێ دەکرێت.

پرۆژەی دیزاینکردنەوەی هاوینەهەواری بێخاڵ، لەلایەن کۆمپانیای ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت؛ هەفتەی داهاتوو دەست بە کارەکانی دەکرێت و لە ماوەی ساڵێکدا تەواو دەکرێت.

دیزاینکردنەوەی هاوینەهەوارەکە جگە لەوەی سیمایەکی سەرنجڕاکێشتر بە ناوچەکە دەبەخشێت، جموجۆڵی گەشتیاریش زیاد دەکات و داهاتی ئابووریی ناوچەکەش دەبوژێنێتەوە.

لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و گەشتیاران، حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین شوێنی گەشتیاری لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان نۆژەنکردووەتەوە و دروستی کردووە؛ ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش یەکێک دەبێت لە ماستەرپلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری