Skip to the content

زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتیی هەرێم کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردبوو کێشەکانیان چارەسەر کرا

دوای ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی ماوەی هەفتەیەکە ناوچەکەی گرتەوە و هێڵە ئاسمانییەکان ڕاوەستان، حکومەتی هەرێم بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوشوێنەکانی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی لە دەرەوە بەشێوەیەکی بەپەلە و ورد دەست پێکرد.
وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە هەماهەنگی، بۆ چارەسەری کێشەکە لەگەڵ وڵاتانی پەیوەندیدار کەوتنە کار.
لەم چوارچێوەدا دوای ڕاگەیاندن و دڵنیاییدان بە هاووڵاتییان کە بە سەلامەتی دەگەڕێندرێنەوە، هێڵێکی گەرم و دواتریش فۆرمێک بۆ پڕکردنەوە ڕاگەیاندرا و بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتی تورکیا، ڤیزای سێ ڕۆژەیان بۆ دابین کرا.
بەوەش 13001 هاووڵاتی کێشەکانیان چارەسەر کرا و دەتوانن بگەڕێنەوە وڵات، کە بەشێکیان گەڕاونەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوامە.
سەبارەت بەو هاووڵاتییانەش کە لە ئێران بوون، بە تا ئێستا پێنج هەزار کەس گەڕاونەتەوە.
حکومەتی هەرێم هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە هێڵە گەرمەکان بەردەستن و لە دۆخی پێویستیدا دوودڵ نەبن لە پەیوەندی بۆ هاوکاریکردنیان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری