Skip to the content

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ دەداتەوە

دوای بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی نەناردنی 8 مووچەی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە بەشێوەیەكی یاسایی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆی هەیە، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی 5ی 2025 وەڵامی نووسراوەكەی وەزارەتیی دارایی عێراقی دایەوە.
وەزارەتی دارایی لە وەڵامێکیدا كە بە زمانی عەرەبی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی كردووە، ڕایگەیاندووە: ئەو ڕێچكەیەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتە بەر، لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستنی ئينفاقی فیعلی، دژی بنەماكانی دەستووری عێراقە، دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان پێویستە پشت بە داهاتە فیدڕاڵییەكان ببەستێت نەک خەرجیی فیعلی.
وەزارەتی دارایی دەڵێ: بنەمای دەستووری لە ماددەی 121/دووەم ئاماژەیە بۆ دابینكردنی داهاتەكان لەسەر بنەمایەكی دادپەروەر بۆ هەرێمەكان و پارێزگاكان، بەشی هەرێمیش پێویستە بەشێوەیەكی فیدراڵی بێت نەك لەسەر ئینفاقی فیعلی.
هەروەها ئەمەش هاتووە: دەقی بڕیاری دادگەی فیدراڵی بە ژمارە (224 و بەشەکانی 269/ فیدراڵی/2023) لە ڕێكەوتی 21/2/2024 پێداگری لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەکات لە پشکی ساڵانەی لە بودجەدا.
وەزارەتەکەتان لە مانگی شوباتی 2024ەوە لەگەڵ مانگەکانی دواتریشی جێبەجێ کردووە. مەبەست لێی هەموو شایستەکانی نێو لیستە پاشکۆکانیەتی لە یاسای بودجە نەوەک رێژەی 12.67٪ لە خەرجی کردەیی عێراق بەو شێوەیەی کە لە نووسراوەکەتان ئاماژەی بۆ کراوە. بەوپێیە دادگەی فیدراڵی لە هەوڵدا بووە بنەمای یەکسانی لە ماف و ئەرکەکاندا پەیڕەو بکات لەنێوان رۆڵەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
ئاماژە بەوەش دراوە كە لەسەر لیستەكانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی و بەخشینی گیراوانی سیاسی و پێكراوانی چەكی كیمیایی لە هەرێم ڕێككەوتن كراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی خەمڵاندن و دابینكردن بۆ ساڵی 2025 كە دەرەنجامی ئەوە بریتی بووە لە دابینكردنی 13 ترلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دینار، كە دواتر وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندیی عێراق 4 ترلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دیناری تەرخان كردووە، كە بڕی ماوە بۆ ساڵی 2025 بریتیە لە 9 ترلیۆن و 110 ملیار و 835 ملیۆن دینار.
دەشڵێ: ئەوەی لە نووسراوەكەتاندا خراوەتە ڕوو بریتییە لە كۆمەڵێك ژمارە و بۆچوون لەسەر ڕوانگەی ناوەندی و تەفسیری یەكلایەنە، وەكوو هەژماركردنی بڕەكانی ئیراداتی نانەوتی كە دەچیتە سەر خەزێنەی فیدراڵی بە پێچەوانەی ئەوەی لە یاسای بودجە و مادەی 29ی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019ی هەمواركراو هاتووە.
لەپاڵ ئەمەشدا ئاماژەدان بە داهاتی نەوتیی بەبێ هەژمارکردنی تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنان و حەقدەستی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئەمە جگە لە هەژمارنەکردنی ئەو بڕەی کە بۆ بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا و بەکاربردنی نێوخۆیی لە بەرهەمە نەوتییەکان بەكاردێ.
ئەوەش باس كراوە: بەپێی دەستوور و بڕیاری دادگاری فیدراڵی، پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر ناردنی مووچە بەردەوام بێت. بەتایبەت كە لە ساڵی 2013ەوە هەرێمی كوردستان لە میلاكاتی نوێ و پلەی نوێ بێبەش كراوە، بەبێ ڕەچاوكردنی دادپەروەری لەگەڵ بەشەكانی تری عێراق، هەروەك چۆن حكومەت بە قەرەبووی قوربانییانی پرۆسەكانی ئەنفال و جینۆسایدی بەكۆمەڵی كورد و قوربانییانی چەكی كیمیایی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان هەڵنەستاوە، لە بەرانبەردا هەموو پاساوێك بۆ نەناردنی مووچەی خەڵكی كوردستان بەكار دەهێنن.